فرسەت سۆفی: پرۆسەی چاكسازی بەردەوام دەبێت

هەولێر-KDP.info- ئەندامێكی پەرلەمانی كوردستان لە فراكسیۆنی زەرد دەڵێت، ئەو بڕیارانەی حكوومەت بۆ چاكسازی داونی، هەنگاوی گرینگن و حكوومەت زۆر جیددییە لە چاكسازیكردن، بۆیە پرۆسەی چاكسازی بەردەوام دەبێت، كە كۆمەڵێك قۆناغ لە خۆی دەگرێت و هەر جارەو قۆناغێك رادەگەیەنن.
(د. فرسەت سۆفی)، بە ماڵپەری فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند: "دۆخی ئێستای ئابووریی هەرێمی كوردستان خراپە و پێویستی بەوە هەیە زیاتر خەرجییەكان كەم بكاتەوە و هەندێك داهاتی نوێ پەیدا بكات، بەڵام ئەوەی جێگەی خۆشحاڵییە حكوومەت جیددییە لە ئەنجامدانی چاكسازی وكۆمەڵێك بڕیاری داون كە پێویستە ئەوانە بە زوویی جێبەجێ بكات و كۆمەڵێكی دیكەیش دەربكات، هەر بۆیە پێویستە چاوەڕێی دەرئەنجامی ئەو چاكسازیانە بكەین".
(سۆفی) گوتیشی، ئەو بڕیارانەی حكوومەت داونی، هەنگاوی سەرەتایی زۆر گرینگن، بەڵام پێویستی بە بڕیاری زۆر زیاتر هەیە.
ڕوونیشی كردەوە، بۆ ئەنجامدانی چاكسازی، حكوومەت بە بەردەوامی كاری جیددی و لێبڕاوانە دەكات و ئەمانەی كراویشن هەنگاوی سەرەتایین و هێشتا چەند قۆناغێكی چاكسازی ماون ئەنجام بدرێن، بۆ ئەوەی ئەو دۆخە چارە بكرێت.
ئەو پەرلەمانتارە دەشڵێت، پرۆسەی چاكسازی چەند قۆناغێك لە خۆ دەگرێت، بەڵام هەر جارەو قۆناغێك رادەگەیەندرێت و بەیەكەوە نییە.
بڵند ئیبراهیم




