٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
عێراقی و نێوده‌وڵه‌تی

كێری: ئۆباما میوانداری لووتكەیەك لە نەتەوە یەكگرتووەكان دەكات بۆ چارەسەری كۆچ

سەرچاوە: KDP.info

داڤۆس-KDP.info- (جۆن كێری) وەزیری دەرەوەی ئەمریكا لە كۆڕبەندی داڤۆس گوتارێكی پێشكەش كرد، كه بەشی زۆری گوتەكانی تایبەت كرد بە سەركەوتنی دیپلۆماسییەت، كە ئیدارەی (ئۆباما) گرتوویەتییەبەر بۆ چارەسەری كێشەكانی جیهان، بۆ ئەوەش رێككەوتنی ئەتۆمی ئێران، ئاساییكردنەوەی پەیوەندییەكانی ئەمریكا و كوبا، رێككەوتنی وڵاتانی جیهان لەسەر گۆڕانكاری كەشوهەوا، بەنموونە هێنایەوە.

(كێری) ئاماژەی بە رێككەوتنی ئەتۆمی لەگەڵ ئێران كرد و رایگەیاند، بەهۆی رێككەوتنی ئەتۆمی جیهانیان لەسەر لێواری شەڕ گەڕاندەوە، لەگەڵ ئەوەشدا ئەو رێككەوتنە رێگەكانی ئێرانى بۆ دەستكەوتنی چەكی ئەتۆمی داخستووە.

لەبارەی رێككەوتنی گۆڕانی كەشوهەوا كە مانگی رابردوو لە پاریس ئەنجامدرا، (كێری) بە یەكێكی دیكە لە سەركەوتنەكانى دیپلۆماسییەت ناویبرد.

لەبارەی ڤایرۆسی ئیبۆلا لە وڵاتانی رۆژئاوای ئەفریقاش، (كێری) رایگەیاند، هەندێك پێیانوابوو ڤایرۆسەكە دەبێتە هۆی گیان لەدەستدانی ملیۆنێك كەس، بەڵام بەهاوكاری نێودەوڵەتی ڤایرۆسەكە تەنها 11 هەزار كەسی كوشت و كۆتایی پێهێنرا.

وەزیری دەرەوەی ئەمریكا لە گوتەكانیدا ئاماژەی بە سەرهەڵدانی گرووپە تیرۆریستییەكان كرد و رایگەیاند، یەكێك لە هۆكارەكان كە وادەكات گرووپە تووندرةوكان سەرهەڵبدەن، گەندەڵی حكومییە.

كێری گوتیشی: "خراپی حكومڕانی هۆكارێكە بۆ دروستبوونی قەیرانەكان لە عێراق، سووریا، نێجیریا، ئۆكرانیا، لیبیا و یەمەن". راشیگەیاند، قەیرانی ئەو وڵاتانە بووەتە پرسێكی جیهانی نەك ناوخۆیی.

لەبارەی پرسی كۆچبەران، وەزیری دەرەوەی ئەمریكا ئاشكرایكرد، لە پایزی ئەمساڵدا (باراك ئۆباما) میوانداری لووتكەیەك لە نەتەوە یەكگرتووەكان دەكات، بۆ ئەوەی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی هانبدات بۆ چارەسەری قەیرانی كۆچ و هاوكاری زیاتری نێودەوڵەتی بۆ ئەو قەیرانە.

بەگوتەی (كێری)، ئامانجی ئەو لووتكەیە بەرزكردنەوەی هاوكارییە مرۆییەكانی قەیرانی كۆچە بەڕێژەی 30%، واتە لە 10 ملیار دۆلارەوە بۆ 13 ملیار دۆلار، كە دەبێت بۆ ئەو مەبەستە ژمارەی پشتیوانە مرۆییەكان بەرزبكرێنەوە.

گوتیشی، دەیانەوێت لەو لووتكەیەدا لانی كەم ژمارەی ئە كۆچبەرانەی نیشتەجێدەكرێن دوو هێندە زیاد بكرێت، ئەوەش لەڕێگەی رازیكردنی 10 وڵاتی دیكە بۆ وەرگرتنی كۆچبەران.

(كێری) گوتیشی دەبێت هەوڵبدەن ملیۆنێك منداڵ لە قوتابخانەكان بخوێنن و ملیۆنێك كۆچبەریش بتوانن بە یاسایی كاربكەن.

هەواڵی پەیوەندیدار