٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

نه‌رۆڵى: لەبەرەی خەڵكین و ئەوانەی لەپشت ئەم كردەوانەوەن بەسزای یاساییان ده‌گه‌یه‌نین

سەرچاوە: KDP.info

سلێمانی-KDP.info- وتەبێژی‌ ئەنجوومەنی‌ سەركردایەتی‌ پارتی‌ لە سلێمانی‌ دەڵێ، لەدژی ئەم هێرشانەی كه‌ دەكرێنە سەر بارەگاكانمان سكاڵامان تۆمار كردووە و سەرجەم رێكارە یاساییەكان دەگرینە بەر  بۆئەوەی ئەوانەی لەپشت ئەم كردەوانەوە بوون بەسزای یاسایی خۆیان بگەیەندرێن.

(فارس نەورۆڵی) بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند: "ئەو تەقانەی دوێنێ شەو لە بارەگای ئەنجوومەنی سەركردایەتی پارتی دیموكراتی كوردستان كرا لە سلێمانی جۆرێك بوو لە ئیستیبزاز، ئێمە ئەم تەقەكردنەمان روبەرویی یاسا كردووەتەوە تا یاسا بریاری لەسەر دەدات."

(نەورۆڵی) گوتیشى: "ئەو هێرشەى كە دوو روژ لەمەوبەر كرایە سەر بارەگای ناوچەی قوتابیان و لاوانی پارتی لە سەید سادق، لەلایەن هەندێك گیرەشێوێنی ئاراستە كراوەوە بووە و سوتاندوویانە، ئەم بەناو خۆپێشاندانانەش هەر بەرەو بارەگاكانی پارتی ئاراستە دەكرێن، هه‌ربۆیه‌ سكاڵامان تۆمار كردووە و سەرجەم رێكارە یاساییە كانیش دەگرینە بەر، بۆئەوەی ئەوانەی لەپشت ئەم كردەوانەوەش بوون بەسزای یاسایی خۆیان بگەیەندرێن."

پێوه‌ست به‌وه‌ى كه‌ كێ له‌پشت ئه‌م هاندانه‌وه‌یه‌ (نه‌ورۆڵى) كوتى: "ئەوانەی لەپشت ئەم گێرە شێوێنیانەوەن هەر ئەو كەسانەن كە دژی پرۆسەی سیاسی هەرێمن، جا چ لەدەرەوە بێت یان لە ناوەخۆی هەرێم، ئەم دەستە لە هەوڵی شێواندنی هەل و مەرجی پێش هاتووی هەرێمە  بە سود وەرگرتن لە قەیرانی دارایی و رەوشی هەرێم و شەری داعش، ئه‌وه‌ش ته‌نیا مەسەلەیەكی سیاسیەو پەیوەندی بە خزمەتگوزاری و باری ژیانی خەڵكەوە نیە، چونكە ئێمە بۆخۆشمان لەبەرەی خەڵك داین."

وتەبێژی‌ ئەنجومەنی‌ سەركردایەتی‌ پارتی‌ لە سلێمانی‌ ده‌شڵێت، بروامان وایە قەزیەی گەورەترمان لەپێشە و لەم هەل و مەرجەی ئێستادا ئێمه‌ دەمانەوێت كوردستان سەربەخۆبكەین و نەیارانی  سەربەخۆییش دەیانەوێت دۆخەكه‌ بشێوێنن."

 

سەرباز واحد

هەواڵی پەیوەندیدار