گاردیان، پێشبینی داڕمانی داراییی جیهان دەکات

لەندەن-KDP.info- بە هۆی ئەو ناسەقامگیرییەی لە نرخی نەوت و دابەزینەکەی لە بازاڕەکانی دونیادا هەیە، ترسی ئەوەیش هەیە کاریگەری بەسەر گەشەی ئابووریدا هەبێ و جیهان تێکڕا بکەوێتە قەیرانی داراییەوە.
ڕۆژنامەی گاردیان، ئەمڕۆ پێنجشەممە ڕاپۆرتێکی دەربارەی زیادبوونی مەترسییەکان لە داڕمانی ئابووریی جیهان بڵاو کردووەتەوە و، بەو داڕمانە داراییەی ساڵی ٢٠٠٨ـی دەچوێنێ کە لە ئارادا بوو.
ڕاپۆرتەکە ئاماژەی داوە کە، ڕەنگە هەمان داڕمانی داراییی ساڵی ٢٠٠٨ بێتەوە ئاراوە، کە بازاڕەکانی جیهانی هەژاند و، وەبەرهێنەرانی گەیاندە ئەو بڕوایەی کە بە دوای ناوچەیەکی سەقامگیردا بگەڕێن تا تێیدا وەبەرهێنان بکەن.
ڕاپۆرتەکە کە بە هۆی بایەخەکەیەوە لاپەڕەی یەکەمی گاردیانی داگیر کردووە، تییدا هاتووە کە، دابەزینی نرخی نەوت و هەڵبەزودابەزی نرخی کانزاکان، ١٢ ساڵە بە هێندەی دوێنێ چوارشەممە دابەزینی بەخۆوە نەدیوە. ئەمەیش پاش ئەو ئاماژانە دێن لەبارەی پاشەکشەی ئابووریی چین، کە کاریگەری بەسەر تێرکردنی ئابووریی جیهانەوە هەیە.
ڕاپۆرتەکە جەخت دەکاتەوە لەوەی، لە کاتێکدا کە سەرۆکی وڵاتان و گەورەسەرمایەداران لە کۆڕبەندی ئابووریی جیهانی کە ساڵانە لە داڤۆسی سویسرا ساز دەرێ، بە هۆی دڵەڕاوکێ و ترسیانەوە لەو پاشەکشەیەی کە بەرۆکی کەرتی پیشەسازی و بازرگانی گرتووە، ١٠٠ لە کۆمپانیاکان بەتایبەت ئەوانی بواری نەوت و کانزاکان پەلەیان بوو لە فرۆشتنی پشکی کۆمپانیاکانیان.
راپۆرتەکە ئاماژەیشی داوە لەوەی، وەک ئەوەی لەم حەفتەیەدا دەرکەوت، گەشەی ئابووریی چین لە ٢٥ ساڵی رابردوودا پاشەکشە یاخوود دابەزینی ئاوای بەخۆەوە نەدیوە.




