هۆشیار زێباری: لە ڕووی داراییەوە حكوومەتی عێراق ساڵی رابردووی بە سەركەوتوویی تێپەڕاند

بەغدا-KDP.info- (هۆشیار زێباری)، وەزیری دارایی عێراق، لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەڤانیدا لە بەغدا لەبارەی رەوشی دارایی عێراق و ئاشكراكردنی داهات و خەرجییەكانی ساڵی رابردوو رایگەیاند: "لە ڕووی داراییەوە حكوومەتی عێراق ساڵی رابردووی بە سەركەوتوویی تێپەڕاند، سەرەڕای هەبوونی قەیرانی دارایی كە عێراق بە هۆی شەڕ و ئاڵۆزییەكانەوە خەرجییەكی زۆری لە ئەستۆدا بوو".
وەزیری دارایی عێراق هەروەها گوتی: "توانیمان بەسەر تەنگەژە داراییەكاندا سەر بكەوین و لە ڕووی داراییەوە ئەركەكان رابپەڕێنین و مووچەی فەرمانبەران دابین بكەین، سەرەڕای ئەو خەرجییانەی كە رووبەڕووی حكومەت بوونەوە لە بواری سەربازیدا".
(هۆشیار زێباری) ئاماژەی بەوە كرد كە "خەرجیی گشتیمان زۆر بووە و ئاماری لەبارەوە بڵاو دەكەینەوە، هەروەها لە بوودجەی ساڵی 2016 پێشهاتەكان لە بەرچاو گیراوە".
وەزیری دارایی عێراق، هەروەها ساڵی 2016ـی بە ساڵیكی سەخت ناو برد لە ڕووی داراییەوە بۆ عێراق و گوتی: "دابەزینی نرخی نەوت لە بازاڕەكانی جیهان كاریگەری راستەوخۆی هەیە لەسەر داهاتی عێراق، بۆیە ساڵی 2016 بۆ حكوومەتی عێراق ساڵێكی قورس دەبێت بەڵام لەگەڵ ئەوەیشدا هەوڵ دەدەین كە پشتیوانی فەرمانبەرانی دەوڵەت بكەین و مووچەكانیان دابین بكەین".
(هۆشیار زێباری) گوتی: "ئەگەر بوودجەی ساڵی 2016ـی عێراق كورتی هێنا، ئەوا حكوومەتی بەغدا ناچارە قەرز بكات لە بانكی نێودەوڵەتی بۆ ئەوەی كورتهێنانی بوودجە كەم بكاتەوە، ئێستا حكوومەتی عێراق بڕی 5 ترلیۆن دیناری لە بانك راكێشاوە بۆ ئەوەی كاروباری دارایی و خەرجییەكانی عێراق دابین بكات".
ئاماژەی بەوەش كرد كە "حكوومەتی عێراق پێشبینی كردبوو كە نرخی نەوت دابەزێت، بۆیە بێجگە لە داهاتی نەوت چەند سەرچاوەیەكی دیكەی داهاتمان لە عێراق ئامادە كردووە بۆ ئەوەی سوودی لێ وەربگرین".
لەبارەی هەرێمی كوردستانیشەوە، (زێباری) گوتی: "هەرێمی كوردستان وەك عێراق كێشەی دارایی هەیە و لەگەڵ ئەوەیشدا ئەگەر حكوومەتی هەرێمی كوردستان فرۆشتنی نەوت رادەستی بەغدا بكاتەوە، ئەوا بەغدا دەبێت پابەند بێت بە شاییستە داراییەكانی هەرێمی كوردستان".
وەزیری دارایی عێراق دەشڵێت: "حكوومەتی عێراق بۆ ساڵی 2016، رۆژانە 3 ملیۆن و600 هەزار بەرمیل هەناردە دەكات و نرخی هەر بەرمیلێكیشی بە 45 دۆلار ئەژمار كردووە، بەڵام بە هۆی دابەزینی نرخەی نەوتەوە عێراق كورتهێنانێكی زۆری لە بوودجەدا دەبێت و ساڵێكی سەختی دارایی بەسەر دەبات".




