دەزگای بارزانی مووچەی 4 مانگ بەسەر 1945 منداڵی بێباوكدا دابەش دەكات

سلێمانی-KDP.info- پڕۆژەی چاودێریی ئازیزانی دەزگای خێرخوازیی بارزانی بۆ یارمەتیدانی منداڵانی بێباوك لە هەرێمی كوردستان، بە هاوكاری خێرۆمەند و دەوڵەمەند و سەرمایەدارانی هەرێمی كوردستان لە قۆناغی كوردستان، مووچەی 4 مانگ بەسەر 1096 منداڵی بێباوك (ئازیز)ـدا لە پارێزگای سلێمانی و 849 ئازیز لە دهۆك دابەش دەكات.
رۆژی 21/1/2016 لە درێژەی كار و چالاكییەكانی پڕۆژەی چاودێریی ئازیزانی دەزگای خێرخوازیی بارزانی، هاوكاری پڕۆژەی كوردستان كە تایبەتە بەو كۆمەك و هاوكارییە مادییانەی لەلایەن دەوڵەمەند و خێرۆمەند و سەرمایەدارانی هەرێمی كوردستانەوە كافلی منداڵی بێباوكیان كردووە، پڕۆژەكە دەستی بە دابەشكردنی مووچە كردووە، لە درێژەی دابەشكردنی مووچەی منداڵانی بێباوكدا لە شاری سلێمانی دەست كرا بە دابەشكردنی مووچەی 4 مانگی مانگەكانی (5/6/7/8)ـی ساڵی 2015 بەسەر ئازیزانی ئەو شارەدا كە خۆی لە (1096)منداڵدا دەبینیەوە و هەر منداڵێك بڕی 200$ـی ئەمەریكایی وەرگرت.
هاوكات دابەشكردنی مووچەی چوار مانگی منداڵانی بێباوك لە سەرتاسەری هەرێمی كوردستان بەردەوامی هەیە و لەو میانەیەیشدا لە پارێزگای دهۆك، ئۆفیسی پڕۆژەی چاودێریی ئازیزانی دەزگای خێرخوازیی بارزانی هەستا بە دابەشكردنی مووچەی چوار مانگ بەسەر 849 منداڵی بێباوكدا كە هەر منداڵێك بڕی 200$ـی ئەمەریكایی وەرگرت.
لەو بارەیەوە، (مووسا ئەحمەد) جێگری سەرۆكی دەزگای خێرخوازیی بارزانی رایگەیاند: "زۆر سوپاسی ئەو كەسایەتی و خاوەنكار و دەوڵەمەندانەی كوردستان دەكەین كە لەگەڵ قەیرانە داراییەی رووی لە هەرێمی كوردستانی كردووە، لەگەڵ پڕۆژەكانی دەزگای خێرخوازیی بارزانی بەردەوامییان هەیە و دەستخۆشییان لێ دەكەین".
هەروەها گوتی: "دابەشكردنی موچەی چوار مانگی ئازیزان لە سەرتاسەری هەرێمی كوردستان دەستی پێ كردووە و هەڵمەتی دابەشكردنەكە بەردەوامە و لە شاری سلێمانی مووچە بەسەر 1096 منداڵی ئازیز دابەش كراوە، هاوكات لە پارێزگای دهۆكیش بە هەمان شێوە 849 منداڵی ئازیز سوودمەند بوون و كۆی ئەو منداڵانەی لەم قۆناغەدا سوودمەند دەبن لە سەرتاسەری هەرێمی كوردستان، بریتین لە 4803 منداڵی بێباوك و بڕی 961.200 $ی ئەمەریكایی تەرخان كراوە و بەسەریاندا دابەش دەكرێت، كە بۆ هەر مانگێك بڕی 50 $ـە و هەر ئازیزێك 200$ـی ئەمەریكایی وەردەگرێت".




