له 'سه‌یدسادق'ـدا گێره‌شێوێنه‌كان 'ناوچه‌ی پارتی'ـیان سووتاند

سه‌یدسادق-KDP.info- به‌رپرسی ناوچه‌ی پارتیی له قه‌زای سه‌یدسادق ده‌ڵێ، دوای وه‌رگرتنه‌وه‌ی باره‌گای ناوچه بۆ ماوه‌ی پێنج ڕۆژ ئه‌مڕۆ دیسان خۆپیشاندانیان هەڵگیرساندەوە و، گێره شێوێنه‌كان ناوچه‌ی پارتییان سووتاند.
حاكم (فارووق محه‌مه‌د سه‌عید) به‌رپه‌رسی ناوچه‌ی پارتیی دیموكراتی كوردستان له سه‌یدسادق بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموكراتی كوردستانی گوت: "سەعات 10ـی ئەم به‌یانییە (چوارشه‌ممه) له ده‌ره‌وازه‌ی قه‌زای سه‌یدسادقەوە دەستیان کرد بە خۆپیشاندان؛ ئامانجیش ئه‌وه بوو ڕێ له ئۆتۆمبێل و تانكه‌ره بارهه‌ڵگره‌كان بگرن، به‌ڵام ئاراسته‌ی خۆپیشاندانه‌كه‌یان دیسان گۆڕی بۆ ناوچه‌ی پارتی و به هوتافکێشان چوون سەر ناوچەی پارتی و سووتاندیام؛ کەچی ماوه‌ی 5 ڕۆژه ناوچه‌كه‌مان وه‌رگیراوه‌ته‌وه و، ته‌نها دوو پاسه‌وانی لێ بووه و هیچ كادیرێك و ئهندامێكمانی لێ نییە."
حاكم (فارووق) دەیشڵێت: "خۆپیشانده‌ران دووجار پەلاماری ناوچهكهمانیان دا و پۆلیس هاتن كه‌مێك به‌رگرییان كرد، به‌ڵام خۆپیشاندانێكی دیكه دروست بوو له‌لایه‌كی تر بۆیه هێزه ئه‌منییه‌كان چوون بۆ لای ئه‌و خۆپیشاندانه و گێرهشێوێنهكانیش ئه‌مه‌یان به هەل زانی و پەلاماری ناوچه‌یان دا و چه‌ند ژوورێكی ناوچهكهمانیان سووتاند."
به‌رپه‌رسی ناوچه‌ی پارتیی دیموكراتی كوردستان له سه‌یدسادق گوتیشی: "گومانمان نییه ئه‌مه ده‌ستی له پشته‌وه‌یه و كاری گێرهشێوێنهكانه، چونكه سه‌ره‌تا خۆپیشاندان له‌و سه‌ری سه‌یدسادقدا بوو؛ باره‌گاكه‌ی ئێمه‌ش له‌م سه‌ره‌وه بوو، ئاراسته‌كه‌یان گۆڕی و به‌سه‌ر 8 باره‌گای تردا هاتن بۆ باره‌گاكه‌ی ئێمه؛ چه‌ند به‌ردێكیان گرته باره‌گای كۆمه‌ڵ و یه‌كگرتوو به‌ڵام ته‌نها بۆ هەڵخەلەتاندن بوو تا بڵێن هه‌موو باره‌گاكان بوو، كه‌چی مه‌به‌ستی سه‌ره‌كییان تێکدانی باره‌گای پارتی بوو."
نه‌شوان به‌رزنجی




