لە نووسینەوەی دەستووری توركیادا هەدەپە بووە بە دوو بەش

ئانكارا-KDP.info- بۆ پرسی گفتوگۆكردن لەسەر دەستوورێكی تازە بۆ توركیا و گۆڕینی چەندین بڕگە و ماددەی ئەم دەستوورەی ئێستا، تاوەكو ئێستا پارتیی دیموكراتی گەلان هەدەپە، خۆی یەكلای نەكردووەتەوە، كە ئەندامی هەبێت لە نووسینەوەی دەستووردا یاخود نەیبێت، بۆ ئەمەیشیان دوو بۆچوون لەناو هەدەپەدا بوونی هەیە.
بە گوێرەی پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمانی توركیا، بۆ نووسینەوەی دەستوور یان گۆڕینی هەر ماددەیەك، پێویستە لیژنەیەك لە هەموو پارتییەكانی ناو پەرلەمان دروست ببێت، بێگومان ئەو پارتییەی توانیویەتی بەربەستی هەڵبژاردن بشكێنێت. بۆ ئەمەیشیان هەدەپە مافی خۆیەتی كە ئەندامی لە نووسینەوەی دەستوورێكی تازە بۆ توركیا هەبێت، بەڵام تاوەكو ئێستا ئەو پارتییە خۆی یەكلا نەكردوەتەوە بەوەی بەشداربێت لە نووسینەوەی دەستووردا یاخود بەشدار نەبێت.
رۆژنامەی میللەتی توركیا لە هەواڵێكدا بڵاوی كردووەتەوە، دوو بۆچوون لەناو هەدەپە سەری هەڵداوە. بۆچوونێك پێی وایە بە هیچ شێوەیەك ئەندام دەست نیشان نەكەن بۆ ئەو پرسە، چونكە توركیا لە باكوور خەڵك دەكوژێت و شەڕێكی گەورەی بەرپا كردووە، بۆیە بۆ هەدەپە بەرپرسیارەتییەكی گەورەیە كە لەم كاتەدا خەریكی دەستوورێك بێت شەرعییەت بە كوشتنی خەڵكی باكوور بدات.
بەڵام بۆچوونێكی دیكە پێی وایە ئەندام هەبێت باشترە، چونكە هەدەپە دروشمی پارتیێكی توركیایی بەرز كردووەتەوە و دەڵێت، ئێمە تەنیا پارتیێكی كوردی نین، بەڵكو توركیایین، بۆیە رەنگە ئەو توركانەی دەنگیان بە هەدەپە داوە نیگەران بن بەوەی ئەندامیان نەبێت لە نووسینەوەی دەستووردا.
رۆژنامەكە بڵاوی كردووەتەوە كە، هەفتەی داهاتوو هەدەپە بۆ پرسە خۆی یەكلا دەكاتەوە.
كارزان گلی




