'نابێ پێشمەرگە و حەشد له نێو خورماتوودا بمێنن'

خورماتوو-KDP.info- لە نوێترین بڕیاردا لە شارۆچكەی خورماتوو، هێزەكانی پێشمەرگە و چەكدارانی حەشدی شەعبی دەكرێنە دەرەوە و، تەنها پۆلیس و ئاسایش ئەركی پاراستنی شارەكەیان پێدەدرێت.
بەرێوەبەری راگەیاندنی قایمقامیەتی خورماتوو (محەممەد فایەق) بە ماڵپەری پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند؛ (حاكم زاملی) سەرۆكی لیژنەی ئاسایش و بەرگری لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق و شاندێكی یاوەری، سەردانی خورماتوویان كرد و لە دیوانی قایمقامیەت لەگەڵ قایمقامی ناوچەكە (شەلال عەبدول) و (مەلاحەسەن) ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای سەلاحەدین و ژمارەیەك بەرێوەبەری ئەمنی و حكوومی ناوچەكە كۆ بوونەوە.
(محەممەد فایەق) گوتیشی، لە كۆبوونەوەكەدا باس لە بارودۆخی قەزاكە كراوە و بە تایبەت پرسی ئەمنیی ناوچەكە و، لە بارەیەشەوە ئەوە راگەیهندرا، كە پێویستە هێزەكانی پێشمەرگە و چەكدارانی حەشدی شەعبی لە شارەكە بچنە دەرەوە و، ئەركی پاراستنی ناوچەكە تەنها بە دەستی ئاسایش و پۆلیسدا دەبێت.
ئەوەشی خستە ڕوو، هەر لە كۆبوونەوەكەدا باس لە قەرەبووكردنەوەی قوربانیانی رووداوەكانی كۆتاییی ساڵی رابردووی ناوچەكە كرا، كە زنجیرەیەك تەقینەوە و پێكدادان ئەنجام دران و جگە لە شەهید و بریندار بوون، هاوكات زیانی ماددیی زۆریش كەوتەوە.
سیروان جاف




