واشنتن.. داوای هاوكاریی سەربازی بۆ هێزی پێشمەرگە كرا

واشنتن-KDP.info- شاندی حكوومەتی هەرێم، لە سەردانەكەیاندا بۆ واشنتن، داوایان لە نوێنەرانی ڕێكخراوە بیانییەكان كرد بۆ ئەوەی هەوڵەكانیان بخەنە گەڕ بۆ زیادكردنی هاوكارییە مرۆییەكانیان، چونكە قەیرانە داراییەكانی ئەم دواییەی هەرێمی كوردستان، بارگرانییەكی گەورەی خستووەتە سەر شانی حكوومەتی هەرێم.
لە چوارەمین ڕۆژی سەردانەكەی شاندی هەرێمی كوردستاندا بۆ ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا، (د. فوئاد حوسێن) سەرۆكی دیوانی سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان و (فەلاح مستەفا) بەرپرسی پەیوەندییەكانی دەرەوەی حكوومەت و خاتوو (بەیان سامی) نوێنەری حكوومەتی هەرێم لە ئەمەریكا، زنجیرەیەك كۆبوونەوەیان لەگەڵ ژمارەیەك بەرپرسی حكوومی و میدیاكاران و رێكخراوە نێودەوڵەتییەكان بە مەبەستی ئاگاداركردنەوەیان لە دواپێشهاتە سیاسی و ئەمنی و ئابوورییەكانی هەرێمی كوردستان و ناوچەكە، ئەنجام دا.
لە كۆبوونەوەیەكی هاوبەشدا لەگەڵ ستافی ئەنجوومەنی ئاساییشی نەتەوەیی و (رۆبەرت مالێی) یاریدەدەری تایبەتی سەرۆكی ئەمەریكا و ژمارەیەك لە ڕاوێژكارانی جێگری سەرۆك، سەرۆكی شاندی هەرێم پوختەیەكیان سەبارەت بە رەوشی ئەمنیی هەرێمی كوردستانی پێشكەش بە ئامادەبووان كرد كە تێیدا داوای هاوكاریی سەربازی و كۆمەكی مرۆییان بۆ هێزی پێشمەرگەی كوردستان و ئاوارەكانی هەرێم كرد.
پاشان، شاندی ناوبراو چاویان بە خاتوو (ئلیسا سلۆتكین) یاریدەدەری جێگری وەزیری بەرگری بۆ كاروباری ئاساییشی نێودەوڵەتی كەوت كە تێیدا باسیان لە خراپیی رەوشی ئابووریی هەرێمی كوردستان كرد كە كاریگەری كردووەتە سەر شەڕی دژ بە ڕێكخراوی تیرۆریستیی داعش و لەناوبردنی ئەم گرووپە.
خاتوو (سلۆتكین) سەركەوتنەكانی هێزی پێشمەرگەی كوردستانی بەرز نرخاند و بە هاوبەشێكی سەرەكیی ئەمەریكای لە شەڕەكانی دژ بە داعش لە ناوچەكەدا وەسف كرد.
شاندی هەرێمی كوردستان هەروەها چاویان بە (ئێریك مایار) یاریدەدەری جێگری وەزیر بۆ كاروباری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە وەزارەتی گەنجینەی ئەمەریكا كەوت كە تێیدا باسیان لە سیاسەتی بەڕێوەبردن و ریفۆرمخوازی و رووبەڕووبوونەوەی قەیرانی دارایی كرد. لەم بارەیەوە، سەرۆكی شاندی هەرێم داوای لە ناوبراو كرد كە ڕۆڵیان هەبێت لە پشگیریكردنی حكوومەتی هەرێم لە پێپەڕاندنی ئەم قەیرانە ئابوورییەی كە رووبەرووی هەرێم بووەتەوە.
لەلایەن خۆیەوە، بەرپرسی پەیوەندییەكانی دەرەوەی حكوومەت كۆبوونەوەیەكی هاوبەشی لەگەڵ نوێنەرانی ڕێكخراوە بیانی و مرۆییەكان ئەنجام دا و، تێیدا سوپاس و پێزانینی حكوومەتی هەرێمی كوردستانی گەیاندە ڕێكخراوەكانی سەر بە نەتەوە یەكگرتووەكان لەبری پێشكەشكردنی هاوكارییە مرۆییەكانیان بۆ ئاوارەكانی هەرێمی كوردستان لە ماوەی شەڕی داعشدا، پاشان داوای لە نوێنەرانی ڕێكخراوە بیانییەكان كرد بۆ ئەوەی هەوڵەكانیان بخەنە گەڕ بۆ زیادكردنی هاوكارییە مرۆییەكانیان، چونكە قەیرانە داراییەكانی ئەم دواییەی هەرێمی كوردستان بارگرانییەكی گەورەی خستووەتە سەر شانی حكوومەتی هەرێم.
(فەلاح مستەفا) گوتی: "زیادكردنی هاوكارییەكانی رێكخراوە نێودەوڵەتیەكان، ڕۆڵێكی كاریگەری دەبێت لە سووككردنی ئەركی سەرشانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە پشتگیریكردنی ئاوارەكانی هەرێمی كوردستان و دابینكردنی پێداویستییە سەرەتاییەكان بۆیان".
لە كۆتایدا، كۆبوونەوەیان لەگەڵ ژمارەك لە میدیاكاران و سەرنووسەرانی ڕۆژنامە ناوخۆییەكان و بیانییەكان ئەنجام دا كە تێیدا باس لە دوایین رووداوە سیاسی و تەناهییەكانی هەرێمی كوردستان و عێراق و ناوچەكە كرا و، وەڵامی پرسیار و سەرنج و تێبینییەكانیان درایەوە.




