مەردان: سۆران و عەلی شاییستەی ئەوەنین ئەندامی پەرلەمان بن

هەولێر-KDP.info- ئەندامێكی پەرلەمانی كوردستان لە فراكیسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان دەڵێ، دەبێت دەنگی ناڕەزایی دژی (سۆران عومەر) و (عەلی حەمەساڵح) بەرز بكرێتەوە هەم لە پەرلەمان و هەم لە ناو خەڵكیشدا، چونكە شاییستەی ئەوەنین ئەندامی پەرلەمان بن.
(مەردان خدر)، بۆ ماڵپەری فەرمیی پارتی دیموكراتیی كوردستان گوتی: "بەپێی پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمان، دەبێت داوای یاسایی لەسەر (سۆران عومەر) و (عەلی حەمەساڵح) تۆمار بكرێت، چونكە ئەو قسانەی كە كردوویانن، هیچ بنەمایەكیان نییە و هاندانی خەڵكە دژی دەسەڵات و حكوومەت، هەروەها پێویستە پارێزبەندییان لەسەر هەڵگبیرێ، كە ئەمەیش بە دوو شێوە دەكرێ، گەر لە كاتی وەرزی یاسادانان بێت، ئەوا دەنگدانی لەسەر دەكرێ، بەڵام كە لە كاتی پشوودا بێت، ئەوا سەرۆكایەتیی پەرلەمان ئەو دەسەڵاتەی هەیە كە پارێزبەندییان لەسەر هەڵگبرێ.
(مەردان) گوتیشی: "دەبێ فراكسیۆنەكانی پەرلەمان بۆ پاراستنی یەكدەنگی و یەكڕیزیی خەڵكی هەرێمی كوردستان بە تایبەت لەم قۆناغەی ئێستادا كە لە شەڕێكی قورسداین لەگەڵ رێكخراوی تیرۆریستیی داعش، هەڵوێستیان هەبێت و هەوڵێك بدرێت كە واژۆ بۆ ئەم مەبەستە كۆ بكرێتەوە، چونكە ئەم دوو پەرلەمانتارە شاییستەی ئەوە نین كە ئەندامی پەرلەمان بن، لەبەر ئەوەی چەندین جارە ئەم جۆرە لێدوانانە دەدەن كە من پێم وایە قسەكانیان پێچەوانەی یەكڕیزی و یەكدەنگیی خەڵكی هەرێمی كوردستانە لەم قۆناغەدا، دیسان هاندانی خەڵكە دژی دەسەڵات و دژی حكوومەت، لە هەموو دنیایشدا هاندانی خەڵك بە تاوان هەژمار دەكرێت و سزای توندی لەسەرە، بۆیە باشترین كار لە ئێستادا ئەوەیە كە ئیمزا لە دژیان كۆ بكرێتەوە".
ئهو ئەندام پەرلەمانهى فراكیسیۆنی پارتی دەشڵێت: "پێویستە دەنگێكی ناڕەزایی دژیان كۆ بكرێتەوە هەم لە پەرلەمان و هەم لەناو خەڵكیشدا، كە ئەمانە شاییستەی ئەوە نین لەناو پەرلەمانی كوردستاندا نوێنەری خەڵكی هەرێمی كوردستان بن".
فائیزه حهمید




