دەزگای بارزانی مووچەی 4 مانگ بەسەر 4806 منداڵی بێباوكدا دابەش دەكات

هەولێر-KDP.info- لە درێژەی كار و چالاكییەكانی پڕۆژەی چاودێریی ئازیزانی دەزگای خێرخوازیی بارزانی بۆ یارمەتیدانی منداڵانی بێباوك لە هەرێمی كوردستان، بە هاوكاری خێرۆمەند و دەوڵەمەند و سەرمایەدارانی هەرێمی كوردستان لەسەر پشكی قۆناغی كوردستان، مووچەی 4 مانگ بەسەر 4806 منداڵی بێباوك (ئازیز)ـدا لە هەولێر و سلێمانی و دهۆك و گەرمیان دابەش دەكات.
لە درێژەی كار و چالاكییەكانی پرۆژەی چاودێریی ئازیزانی دەزگای خێرخوازیی بارزانی، هاوكاریی پڕۆژەی كوردستان كە تایبەتە بەو كۆمەك و هاوكارییە ماددیانەی لەلایەن دەوڵەمەند و خێرۆمەند و سەرمایەدارانی هەرێمی كوردستانەوە كافلی منداڵی بێباوكیان كردووە، پڕۆژەكە دەستی بە دابەشكردنی مووچە كردووە، بۆ ئەمەیش لە یەكەم وێستگەدا لە شاری كەلار دەست كرا بە دابەشكردنی مووچەی 4 مانگی مانگەكانی (5/6/7/8)ی ساڵی 2015 بەسەر ئازیزانی ئەو شارەدا كە خۆی لە (1641) منداڵدا دەبینییەوە، پاشان منداڵانی ئازیزی سەرجەم پارێزگاكانی هەرێمی كوردستان دەگرێتەوە.
لەو بارەیەوە (مووسا ئەحمەد) جێگری سەرۆكی دەزگای خێرخوازیی بارزانی رایگەیاند: "لەگەڵ خراپبوونی بارودۆخی ژیانی هاووڵاتیان و دواكەوتنی مووچەدا، ئێمە زۆر سوپاسی ئەو خاوەنكار و كەسایەتی و خێرخوازانەی لە ناوخۆی هەرێمی كوردستان دەكەین كە بەردەوام هاوكاری و پاڵپشتیی پڕۆژەكانی دەزگاكەمان دەكەن، بۆ پڕۆژەی چاودێریی ئازیزانیش كە بەپاڵپشتی كەسایەتی و دەوڵەمەند و سەرمایەدارانی هەرێمی كوردستان بەڕێوە دەچێت، خۆشبەختانە توانیومان دەست بە دابەشكردنی مووچەی چوار مانگی ئازیزانی كوردستان بكەین، كە كۆی گشتیی منداڵانی سوودمەند لە قۆناغی كوردستان 4806 منداڵی بێباوك دەگرێتەوە".
گوتیشی: "هاوكات لە رۆژانەی داهاتوویشدا لە شاری هەولێر 1220 منداڵ و دهۆك 841 منداڵ و سلێمانی 1096 منداڵی بێباوك سوودمەند دەبن".
سەبارەت بەبڕی ئەو پارەیەی لەم قۆناغەدا دابەش دەكرێت، (مووسا ئەحمەد) رایگەیاند: "جارێكی دیكە سوپاسی ئەو كەسایەتی و خاوەنكار و دەستڕۆییشتووانە دەكەین كە پشتوپەنای دەزگای خێرخوازیی بارزانی بۆ ئەم پڕۆژە و دەیان پرۆژەی دیكەی دەزگاكەمانن، بۆ ئەم قۆناغەش كە تایبەتە بە چوار مانگی ساڵی رابردوو، تێیدا بڕی (961200$)ـی ئەمەریكایی بەسەر 4806 منداڵی بێباوك (ئازیز)ـدا دابەش دەكەین".
شایانی باسە، لەم پڕۆژەیەدا هەر منداڵێكی بێباوكی سوودمەند لە پڕۆژەی چاودێریی ئازیزانی كوردستان، مانگانە 50$ دۆلار وەكو هاوكاری وەردەگرێت كە چوار مانگ دەكاتە 200$ .




