٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

خەڵك راستییەكانی بۆ ڕوون بووەتەوە.. هاندانی هاووڵاتیان، خیانەتە

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر-KDP.info- سەركردەیەكی پارتی دیموكراتی كوردستان، هاندانی خەڵك لەم دۆخەی ئێستای كوردستاندا بە خیانەت ناو دەبات و، باوەڕیشی وایە كە، دەبێت هەموو لایەك دۆخی هەرێمی كوردستان لە بەرچاو بگرن.

(عەلی حوسێن)، ئەندامی سەركردایەتیی پارتی دیموكراتی كوردستان و بەرپرسی لقی دوو، بۆ ماڵپەری فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان گوتی: "بارودۆخی هەرێمی كوردستان بە قۆناغێكی هەستیاردا تێدەپەڕێت و، ئەو قۆناغە هەستیارەیش وای كردووە كورد بكەوێتە ناو كۆمەڵێك هاوكێشەی نێودەوڵەتی و كۆمەڵێك مەترسییش هەن بۆ ئەوەی رێگری دروست بكرێت لە بەردەم بەرنامەكانی هەرێمی كوردستان و سەركردایەتیی سیاسیی هەرێم، لەلایەكی دیكەیشەوە لێدانە لە پێگەی كورد لە ئاستی ناوچەكەدا".

(حوسێن) گوتیشی: "هەوڵێكی جیددی هەیە بۆ ئەوەی كۆسپ دروست بكرێت لە بەردەم پێشكەوتنەكانی هەرێمی كوردستان و رۆڵی كورد لە پێگەی نێودەوڵەتیدا نادیدە بگیرێت، بە داخەوە لەناو كوردستانیشدا هەندێك لایەن وەك سیاسی و پەرلەمانتار هەوڵ دەدەن راستییەكان و مەترسییەكان وەك خۆیان باس نەكەن و چەواشەی رای گشتی بكەن و قسەی هەڵە و بوختان لەناو خەڵكی بڵاو بكەنەوە كە ئەم هەوڵانە دەچنە قاڵبی خیانەتەوە".

ئەو ئەندامەی سەركردایەتی پارتی دەشڵێت، خەڵكی كوردستان ئەو راستییەی بۆ ڕوون بووەتەوە كە ئەمانە بۆ وادەكەن، چ ئاڕاستەیەك لە پشتیانە و بۆ چ مەبەستێك وایان كردووە، ئێمە لە ئازارەكانی خەڵك بە تایبەتی پرسی نیو مووچە و دواكەوتنی مووچە تێدەگەین، بەڵام هەوڵیشی بۆ دەدەین چارەی بكەین، سەركردایەتیی سیاسیی كوردستان لە ئاستی هەرێمایەتی لە گفتوگۆدایە و شاندێكیش لە واشنتۆنە و دەیەوێت قەیرانەكان بداتە ئەوان و گفتوگۆیان لەگەڵدا بكات".

ئەوەیشی خستە روو كە "خەڵكانێكی نابەرپرسیار نایەن خەڵك تێبگەیەنن كە بانكی مەركەزی لە بەغدایە و زیاتر لە ٧٠ ملیار دۆلاری تێدایە و هەرێمی كوردستانیش بەشێكە لێی، كەچی نایەوێت دینارێكیشی بداتێ، بەڵام دێن خەڵك لە دژی حكوومەت و دامەزراوەكانی هان دەدەن، دێن خەڵك چەواشە دەكەن و نابەرپرسیارانە مامەڵە دەكەن، ئەمەیش جۆرێكە لە خیانەت، خۆ ئەمانە خۆیان لە حكوومەت و پەرلەمان بەشدار بوون، ئەی خێرە ئێستا لە بەرپرسیارەتی رادەكەن؟.

 

كارزان سەباح هەورامی

هەواڵی پەیوەندیدار