هێزه سیاسییهكان: به یهكڕیزی و پێكهوهكاركردن، قهیرانهكان چاره دهكرێن

هەولێر-KDP.info- لایەنە سیاسییهكانی هەرێمی کوردستان جەخت لەپێکەوەکارکردن و سیاسەتکردنی هاوبەش دەکەنەوە و پێیان وایە بە یەکڕیزی و پێکەوەبوون قەیرانەکانی هەرێمی کوردستان چارە دەکرێت.
(لەتیف شێخ عومەر) ئەندامی سەرکردایەتیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بە ماڵپەڕی فەرمی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "پێکەوەبوون لە ئێستای هەرێمی کوردستان زۆر گرنگە و بەرپرسیاریەتی هەموو لایەکمانە بەیەکەوە کێشەکان چارەسەر بکەین، بە تایبەتی قەیرانی دارایی هەرێمی کوردستان بەرۆکی خەڵکی گرتووە و خەڵک داوای مافی ڕەوای خۆی دەکات."
دەیشڵێت: "ئێمە وەک یەکێتی بە هاوبەشی لەگەڵ پارتی دیموکراتی کوردستان لە حکوومەتی هەرێمی کوردستان بەشدارین و بەرپرسیاریەتی هەموو لایەکمانە پێکەوە لەسەر یەک مێزی گفتوگۆ دابنیشین و کێشەکان چارە بکەین بەتایبەتی یەکێتی نیشتمانیی کوردستان خاوەنی پرۆژەیەکە ئەو پرۆژەی داوەتە گۆڕان و پارتی دیموکراتی کوردستان و چاوەڕوان دەکەین وەڵاممان بدەنەوە تا گرفتەکان چارە بکەین".
گوتیشی: "گەشبینین بەوەی هێزە سیاسییەکانی کوردستان هاوکار و هەماهەنگ بن بۆ ئەوەی پێکەوە ڕێگاچارەیەکی هاوبەش بۆ ئەم دۆخە بدۆزنەوە، چونکە ئەگەر هەشتێک هەبێت دواجار هەموومان زەرەر دەکەین".
هاوکات ئەندامی سەرکردایەتی پارتی دیموکراتی کوردستان (عەلی تەتەر) بە ماڵپەری فەرمی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "بە حوکمی ئەوەی پارتی دیموکراتی کوردستان، پارتی یەکەمە لە کوردستاندا و زۆرینەی کورسییەکانی پەرلەمانی هەیە، بۆیە زیاتر هەست بە بەرپرسیاریەتی دەکات و هەوڵی جیددی دەدات، بۆ چارەکردنی قەیرانەکان."
گوتیشی: "پارتی و یەکێتی لە هەمووان زیاتر هەست بە بەرپرسیاریەتی دەکەن، یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانە کە بۆ چارەی ئەو ڕەوشە تەحەمولی ئەو دۆخە دەکات، بێگومان یەکێتی دەتوانێت ڕۆڵی کاریگەری لە چارەی ئەو پرسە هەبێت."
(عەبدوڵا وەرتی) گوتەبێژی بزووتنەوەی ئیسلامی کوردستان بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "بە پێویستی دەزانین کە هێزە سیاسییەکانی کوردستان بگەڕێنەوە سەر مێزی گفتوگۆ؛ چونکە خەڵکی هەرێمی کوردستان دواجار دەبێت باجی پێکەوەنەبوونیان بدەن و چاویان لەوەیە کە گرفتەکانی کوردستان چارە بکەن."
گوتیشی: "گەشبینین کە دۆخی هەرێمی کوردستان بگەڕێتەوە سەر بارە ئاساییەکەی خۆی و قەیرانەکان چاره بکرێن' چونکە ئەوەی پەیوەندی بە قەیرانیی سیاسییەوە هەیە ئەوە دەبێت هێزەکان لەناوخۆیدا رێککەوتن ئەوەشی پەیەندی بە مووچە و قەیرانی دارایی هەرێمی کوردستانەوە هەیە دەبێت حکوومەت بەرنامە و نەخشی تایبەتی هەبێت".
کارزان سەباح




