ڕاپرسیێک: سەدا٨٠ـی خەڵکی باكوور دژ بە خەندەقن.. ٥ ناوچە مەیدانی شەڕەکەن

باكووری كوردستان-KDP.info- پاش هەڵبژاردنی پەرلەمانی، شەڕی نێوان پەكەكە و سوپای توركیا بە فەرمی دەستی پێ كرد. لەو كاتەوە تاوەكو ئێستا دەیان هاووڵاتیی سڤیل بوونەتە قوربانی، ئەمە جگە لەوەی چەندین چەكداری پەكەكە و سوپای توركیایش لەو شەڕەدا كوژراون. تاوەكو ئێستایش هیچ هەوڵێك لە ئارادا نییە بۆ ئەوەی ئەو شەڕە كۆتایی پێ بێت.
ئاماری ئەو هاووڵاتیانەی لە باكوور لەبەر شەڕەوە كۆچیان كردووە، یاخود ماڵ و حاڵی خۆیان جێ هێشتووە، رۆژ بە رۆژ لە زیادبوونە، بە گوێرەی دوازانیارییش، ژمارەی ئاوارەكانی باكوور 200 هەزاری تێپەڕاندووە.
ئەگەرچی زۆرێك پێیان وایە كە شەڕی پەكەكە و سوپای توركیا هەموو باكووری گرتووەتەوە و، لە هەموو شارەكانی باكوور ژیانی خەڵكی هەراسان بوە، بەڵام لە راپۆرتێكی شیكاریی سایتی جەزیرەی توركیادا دەركەوتووە كە، شەڕ هەموو باكووری نەگرتووەتەوە، بەڵكو ئەو شوێنانەی شەڕیان لێ نییە ژیانێكی ئاسایی بوونی هەیە و، تەنانەت لە شەوی سەری ساڵیشدا ئاهەنگی زۆر گەورە ئەنجام دراوە.
پێنج ناوچە وەک مەیدانی شەڕ
پێنج ناوچە لە باكوور بوونەتە مەیدانی شەڕی نێوان پەكەكە و سوپای توركیا، هەموو ئەو خەڵكەیشی ماڵ و حاڵی خۆی جێ هێشتوە لەو پێنج ناوچەیەیە، كە ئەمانەن (ناوچەی سووری سەر بە ئامەد. جەزیرە، نوسەیبین لە ماردین، سلۆپی، شەرناخ).
لەو پێنج ناوچەیە بە دەیان خەندەق لە لایەن پەكەكەوە هەڵكەندراون و، زۆرترین هێزی پەكەكەیش لەوێدا جێگیر بووە، هەروەها 100 هەزار قوتابی لە خوێندن بێبەش بوونە، كە حكوومەتی توركیا دەڵێت ئێمە هەموو هەوڵێك دەدەین بۆ ئەوەی ئەمساڵی خوێندنیان نەڕوات، بەڵام تازە كار لە كار ترازاوە و، نیوەی ساڵ هات و ئەو قوتابیانە بە هیچ شێوەیەك نەچوونەتە ناو هۆڵی خوێندنەوە.
زانكۆی قادیر هاس لە ئیستانبووڵ راپرسییەكی لە باكووردا ئەنجام داوە لەسەر ئەوەی تا چەند خەڵكی باكوور پشتگیری لەو خەندەقانە دەكەن كە پەكەكە هەڵیكەندوون. لە ئەنجامی راپرسییەكەدا دەركەوتووە كە 20%ـی خەڵكی باكوور پشتگیری لەو خەندەقانە دەكەن و، ئەوانی دیكەیش دژی ئەو خەندەقانەن، بەڵام لە ترسی پەكەكە ناوێرن بە ئاشكرا دەنگ هەڵبڕن.
تا خەندەق بمێنێ، شەڕ ناوەستێ
سەرۆكوەزیرانی توركیا (ئەحمەد داوودئۆغلو) دوێنێ لە وتارێكیدا لە ئیستانبووڵ، ئاماژەی دا كە مەبەستی ئەوان بۆ ئەو ئۆپەراسیۆنەی ئەنجامیان داوە، داخستنی ئەو خەندەقانەیە كە پەكەكە هەڵیكەندوون، چونكە خەڵكیان هەراسان كردووە، بۆیە تا هەموو خەندەقەكان دانەخرێن، بە هیچ شێوەیەك دەستبەرداری شەڕ نابن.
بە گوێرەی ئەو زانیاریانەی وەزارەتی ناوخۆی توركیایش بڵاوی كردوونەتەوە، لە سلۆپی توانیویانە خەندەقەكان دابخەن، بەڵام لە ناوچەی سوور و جەزیرە تاوەكو ئێستا سەركەتوو نەبوون لە داخستنی خەندەقەكاندا.
ئەگەرچی خەڵكێكی زۆر لە شارەكانی توركیا چەندین خۆپیشاندانیان كردووە بۆ ئەوەی حكوومەتی توركیا ئۆپەراسیۆنی سەربازی لە باكوور رابگرێت، بەڵام پۆلیس رووبەڕوویان بووەتەوە و، زۆریشی لێ دەستگیر كردوون، بۆیە رای گشتیی توركیا كاریگەری لەسەر راگرتنی شەڕ نەبووە.
ئێستا هاووڵاتیانی باكوور بە تایبەتی ئەوانەی ئاوارەی شارەكانی دیكەی توركیا بوون، چاوەڕوانی ئەوەن كە شەڕ كۆتایی پێ بێت و ئەوانیش بگەڕێنەوە ناو ماڵی خۆیان، بەڵام پێدەچێت ئەم زستانەیش لە ئاوارەییدا بەڕێ بكەن و نەتوانن لە ماڵی خۆیان، خۆیان گەرم بكەنەوە.
كارزان گلی




