پەیەدە زیندانی بۆ خهڵكی ڕۆژئاوا دروست كردووه

ههولێر-KDP.info- (د. کاوە ئازیزی) ئەندامی ئەنجوومەنی نیشتمانی کورد لە سووریا دهڵێ، پەیەدە هەر بە توندڕەوی و تاکلایەنە سیاسەت دەکات، هۆکارەکەیش بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە پەیەدە حزبێکی سەربەخۆ نییە، بەڵکو لەژێر گوشاری سووریا و كار دهكات.
(د. کاوە ئازیزی) ئەندامی ئەنجوومەنی نیشتمانی کورد لە سووریا، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی گوت: "پەیەدە حزبێکی توندڕەوە، جگە لە خۆی هیچ کەس و لایەنێکی دیکە نابینێت، حزبێکی سیاسی نییە، بەڵکو گروپێکی عەسکەرییە، توندوتیژی دەکات، پەیەدە زیندان بۆ خەڵکی ڕۆژئاوای کوردستان دروست دەکات و زیندانی ئاشکرا و نهێنییان هەیە، ئیمانیان بە گفتوگۆ و دیموکراسی نییە، بۆیە دۆخەکە ڕۆژ بە ڕۆژ بەرەو خراپتر دەچێت."
(د. کاوە) دەیشڵێ: "(سەرۆک بارزانی) بەردەوام هەوڵ دەدات لایەنەکانی ڕۆژئاوا یەک بگرن؛ بەردەوام تەئکید لەسەر ئەوە دەکاتەوە کە بەس ببن بە یەک، من هاوکاریتان دەکەم، چونکە چەند ئێوە یەکگرتوو بن ئەوەندە بەهێز دەبن و کوردانی ڕۆژئاوا دەپارێزن، بەڵام بە داخەوە پەیەدە هەر بە توندڕەوی و تاکلایەنە سیاسەت دەکات، هۆکارەکەیش بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە پەیەدە حزبێکی سەربەخۆ نییە، بەڵکو لەژێر ڕکێفی سووریا كار دهكات."
گوتیشی: "لایەنێک لە ڕۆژئاوا بە زۆرەملێ و هەڕەشە خۆی سەپاندووە و دەرئەنجامەکانی ئەو تاکڕەوییەش چۆڵکردنی خاکی ڕۆژئاوا و ئەو ڕێژە زۆرە پەنابەرەیە کە ماڵ و گوزەرانی خۆیان جێ هێشتووە؛ پەیەدە گرێ دراوە بە ڕژێمی سووریاوە، کەینێ ئەو ڕژێمە تێک چوو، پەیەدەیش لاواز دەبێت و دان بە هەموو هەڵەکانی خۆیدا دەنێت.
ڕابین شێروانی




