مووچەی مامۆستا و فەرمانبەران كەم ناكرێتەوە

هەولێر-KDP.info- جێگری سەرۆكی یەكێتیی مامۆستایانی كوردستان ڕایگەیاند، بەم زووانە مووچەی مانگی نۆی مامۆستایان دابەش دەكرێت و، جەختیشی كردەوە كە، بە هیچ شێوەیەك مووچەی مامۆستا و فەرمانبەران كەم ناكرێتەوە.
(ئەحمەد گەرمیانی)، بە ماڵپەری فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی گوت: "حكوومەتی هەرێمی كوردستان بڕیاری داوە بە هیچ شێوەیەك دەستكاریی مووچەی فەرمانبەران و مامۆستایان ناكرێت و، ئەمەیش پاشگەزبوونەوەی نییە".
(گەرمیانی) گوتیشی: "لە كۆبوونەوە لەگەڵ جێگری سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستاندا، هیچ پڕۆژەیەكمان پێشكەشی حكوومەت نەكردووە بۆ كەمكردنەوەی مووچەی مامۆستایان و، حكوومەتیش خۆی هەندێك پلانی هەیە بۆ ئەوەی مووچە لە كاتی خۆیدا دابەش بكرێت".
دەشڵێت، بەم زووانە حكوومەت مووچەی مامۆستایان دابەش دەكات، بەڵام رۆژەكەی دیاری نەكراوە.
رەتیشی كردەوە كە، لێدوانی لەبارەی ئەوەوە دابێت كە مووچەی مامۆستایان كەم بكرێتەوە و، هیچ پێشنیازێكی لەو شێوەیەیش نەكراوە.
بڵند ئیبراهیم




