ماڵپەڕە ئینگلیزییەکەی جەزیرە: ڕەنگە ٢٠١٦، ساڵی سەربەخۆییی كوردستان بێت

هەولێر-KDP.info- بەشە ئینگلیزییەکەی ماڵپەڕی جەزیرە بابەتێكی بڵاو كردوەتەوە و تیایدا ئاماژە بەوە كراوە كە دەكرێت ٢٠١٦ ساڵی سەربەخۆیی كوردستان و كۆتاییهاتن بێت بەو خیانەتەی سەدەیەك پێش ئێستا لە گەلی كورد كرا. بابەتەكە لە لایەن ڕۆژنامەنووس (مایكڵ پیزی) نووسراوە و تیایدا هاتووە، سەركەوتنەكانی هێزی پێشمەرگەی كوردستان و سیاسەتی حكومەتی هەرێمی كوردستان ڕێگای سەختی گەیشتن بە سەربەخۆییان كورت كردوەتەوە و دەرفەتی گونجاویان بۆ دەوڵەتێكی سەربەخۆ ڕەخساندووە.
بارودۆخ بۆ سەربەخۆیی كوردستان لەبارە
نووسەر لە سەرەتای بابەتەكەیدا دەنووسێت، مانگی حوزەیرانی ساڵی ٢٠١٤ شتی زۆری لە عێراقدا گۆڕی. لەو مانگەدا گروپی تیرۆریستی داعش توانی زۆربەی ناوچە سوننەنشینەكانی عێراق كۆنترۆڵ بكات، لەوانەش شاری موسڵ. سەركردایەتی سیاسی كوردستانیش هێزی پێشمەرگەی ڕەوانەی كەركووك و ناوچە كوردستانیەكانی دیكەی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم كرد بە مەبەستی پاراستنی ئارامی و ئاسایشی ئەو شوێنانە. سەد ساڵ بە سەر ڕێككەوتننامەی سایكس بیكۆدا تێپەڕ دەبێت و سەركردایەتی سیاسی كوردستان پێی وایە ٢٠١٦ ساڵی كۆتاییهاتنە بە بەشێك لەو خیانەتە مێژوییەی لە بەرامبەر گەلی كورد كرا، ئەوەش بە دامەزراندنی دەوڵەتێكی سەربەخۆی كوردی لە باشووری كوردستان.
بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەكانی دەرەوەی حكومەتی هەرێمی كوردستان (فەلاح مستەفا) دەڵێت هاوسەنگی هێز و پێگەی سیاسی لە عێراقدا گۆڕانكاری بەسەردا هاتووە و جارێكی دیكەش ناگەڕێینەوە بۆ قۆناغی پێشوو.
(مایكڵ پیزی) دەنووسێت، ڕاستە ڕێگای گەیشتن بە سەربەخۆیی كوردستان بێ كێشە و بەربەست نیە، بەڵام سەركردایەتی سیاسی كوردستان باوەڕی وایە ئێستا زیاتر لە هەر كاتێكی دیكە پێگەی كورد بەهێزترە و هەربۆیەش بارودۆخ بۆ سەربەخۆیی لەبارە.
مانگی ڕابردوو سەرۆكی هەرێمی كوردستان (مەسعود بارزانی) داوای لە پارتەكەی ـ پارتی دیموكراتی كوردستان ـ كرد لەگەڵ پارتەكانی دیكەی كوردستان قسە و دانووستان بكەن بە مەبەستی دۆزینەوەی میكانیزمێك بۆ ئەنجامدانی ڕیفراندۆم بۆ سەربەخۆیی كوردستان.
سەرۆك (بارزانی) لە مانگی ئایاری ڕابردووویشدا لە واشنتۆن ڕایگەیاند سەربەخۆیی كوردستان بەڕێوەیە، بەڵام نازانم ساڵی داهاتوو دەبێت یان كەی.
سەركەوتنەكانی هێزی پێشمەرگەی كوردستان
لە بەشێكی دیكەی بابەتەكەدا هاتووە، چەند فاكتەرێك ئەم زەمینەی سەربەخۆییەیان بۆ كوردستان خوڵقاندووە. یەكەم، شەڕی داعش وایكرد ژمارەیەكی زۆر لە بەرپرسانی ئەمەریكا بگەنە ئەو دەرئەنجامەی كە سیستەمی فیدراڵی لە عێراق شكستی هێناوە و ئەمەش ئەو خاڵەیە كە چەندین ساڵە كوردەكان ئاماژەی پێدەكەن. لەم سیستەمەدا بەغدا دەسەڵاتێكی جێبەجێكاری لە تەواوی بوارەكاندا هەیە، ئیدی هەر لە داهاتی نەوتەوە بیگرە تاكو دەگاتە سیاسەتی دەرەوە.
بێگومان سیاسەتی پاراستنی یەكپارچەیی خاكی عێراق لە لایەن واشنتۆنەوە كاریگەری لە سەر پرسی سەربەخۆیی كوردستان هەبووە، بەڵام شەڕی داعش سیاسەتی هەڵەی حكومەتی عێراقی بۆ هەموولایەك سەلماند، لەوانەش بۆ بەرپرسانی ئەمەریكایی.
(ژین باجەلان) وانەبێژێكە لە زانكۆی ئەمەریكی لە سلێمانی و دەڵێت ئایدیای پاراستنی یەكپارچەیی خاكی عێراق بەردەوام لاوازتر دەبێت و خەڵكیش بەو دەرئەنجامە دەگات كە ئەستەمە عێراق بە یەكپارچەیی بمێنێتەوە. دووەم فاكتەر بریتیە لە سەركەوتنەكانی هێزی پێشمەرگەی كوردستان لە شەڕی دژ بە تیرۆریستاندا.
هێزی پێشمەرگە لە تەواوی بەرەكانی شەڕەوە سەركەوتنی گەورە بە سەر تیرۆریستانی داعشدا بەدەست دەهێنێت، بەڵام سوپای عێراق زۆر بێتوانایە و تەنانەت چەند یەكەیەكیش لە سوپای عێراق بە بێ شەڕ موسڵ و چەندین شاری دیكەیان ڕادەستی گروپی تیرۆریستی داعش كرد. ئەم سەركەوتنانەی هێزی پێشمەرگەی كوردستان وایكردووە كۆنگرێسی ئەمەریكا داوا لە كۆشكی سپی بكات كە بەشێوەیەكی ڕاستەوخۆ چەك بۆ هێزی پێشمەرگە بنێرێت. زۆرینەی پاڵێوراوانی پارتی كۆمارییەكانیش بۆ پۆستی سەرۆكایەتی ئەمەریكا ئاماژە بەوە دەكەن كە دەبێت زیاتر یارمەتی هێزی پێشمەرگە بدرێت.
یەكێك لەو پاڵێوراوانە (جێب بۆش)ە و بە سی ئێن ئێنی ڕاگەیاند دەبێت بەشێوەیەكی ڕاستەوخۆ چەك بدەینە هێزی پێشمەرگە، چونكە پێشمەرگە بەهێزترین هاوپەیمانی ئێمەیە لە شەڕی دژ بە تیرۆریستاندا.
(مایكڵ پیزی) دەنووسێت، سەركەوتنەكانی هێزی پێشمەرگە بە سەر تیرۆریستانی داعشدا بارودۆخێكی دروست كردووە كە كوردی لە بوون بە خاوەن دەوڵەتی سەربەخۆی نزیك كردوەتەوە. هێزی پێشمەرگەی كوردستان هەزاران كیلۆمەتری چوارگۆشەی لە تیرۆریستانی داعش پاك كردوەتەوە. ئێستا هێزی پێشمەرگە ئارامی و ئاسایشی كەركووك و ناوچە كوردستانیەكانی دیكەی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم دەپارێزێت.
پاشان، سەركەوتنی گەورە لە بواری زەمینەی ئابوریدا بەدەستهاتووە. حكومەتی هەرێم سیاسەتێكی تایبەت بە خۆی لە بواری كەرتی نەوت و وزەدا پەیڕەو دەكات، ئەمە لە كاتێكدایە ماوەی چەندین ساڵە حكومەتی عێراق هەوڵ دەدات شكست بەو سیاسەتە بهێنێت، بەڵام نەیتوانیوە. ئێستا حكومەتی هەرێم بەشێوەیەكی سەربەخۆ نەوتی هەرێمەكەی ڕەوانەی بازاڕەكانی دەرەوە دەكات. ئێستاش پلانی حكومەتی هەرێم بەو جۆرەیە كە ناردنە دەرەوەی نەوت زیاتر بكات بۆ ئەوەی بتوانێت پێداویستیەكانی دابین بكات و كورتهێنانی بواری بودجە پڕبكاتەوە.
سیاسەتی نەوتی حكوومەتی هەرێمی كوردستان
لە درێژەی بابەتەكەدا هاتووە، سیاسەتی نەوتی هەرێمی كوردستان كاریگەری لە سەر وڵاتانی دراوسێش هەیە، لەوانەش توركیا كە پردی گەیاندنی هەرێمی كوردستانە بە ڕۆژئاوا. توركیا بڕێكی زۆر وزەی خۆی لە ڕووسیا دەكڕێت و ماوەیەكیشە گرژی لە پەیوەندییەكانی ئەم دوو وڵاتەدا دروست بووە. ئەنقەرە دەیەوێت ئەڵتەرناتیڤێك بۆ وزەی ڕووسیا بدۆزێتەوە و باشترین ئەڵتەرناتیڤیش هەرێمی كوردستانە، ئەوەش بەهۆی ئەوەی هەرێم لە بواری نەوت و گازی سروشتیەوە زۆر دەوڵەمەندە. (حەسەن) پسپۆڕێكی كاروباری ناوچەكەیە و دەڵێت گۆڕانكاریەكی گەورە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی گرتوەتەوە. دەرفەتێكی زێڕینیش بۆ كوردەكان هاتوەتە پێشەوە بۆ ئەوەی بە ئامانجی دێرینەی خۆیان بگەن و ببنە خاوەنی دەوڵەتی خۆیان. بەلایەنی كەمەوە ئەوان دەتوانن كۆنفیدراڵیەك لە نێوان ناوچە كوردیەكاندا بەدەست بهێنن. بەڵام شتی گرنگ ئەوەیە كە دەبێت كوردەكان یەكڕیز بن بۆ ئەوەی بە ئامانجەكانیان بگەن.
بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەكانی دەرەوەی هەرێمی كوردستانیش (فەلاح مستەفا) دەڵێت چۆن دەكرێت دەربارەی سەروەری عێراق قسە بكرێت لە كاتێكدا یەك لە سەر سێی خاكی ئەو وڵاتە لە ژێر كۆنترۆڵی داعشدایە. ناوبراو ئاماژەی بەوەشكرد كە پێشمەرگە قارەمانەكان خوێنی زۆریان ڕشتووە بۆ ڕزگاركردنی ناوچە كوردستانیەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم و پاراستنی ئارامی و ئاسایشی كوردستان. (فەلاح مستەفا) هەروەها دەڵێت سەروەری بە دەرفەت دانانرێت، بەڵكو مافی خەڵكە، مافی گەلێك كە مێژوو خیانەتی لێكردووە. ئێستاش دەرفەتێكمان بۆ هاتوەتە پێشەوە بۆ ئەوەی سوودی لێ وەربگرین.
لە ڕۆژنامەی هەولێرەوە




