٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

"كاتی لامه‌ركه‌زیه‌ت نییه بۆ سلێمانی؛ با‌ خۆجیاكردنه‌وه‌ بكرێته‌ هێڵی سوور"

سەرچاوە: KDP.info

سلێمانی-KDP.info- سەرۆکی فراکسیۆنی پارتیی دیموکراتی کوردستان لە ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی گوتی، ئێستا کاتی ئەوە نییە داوای لامەرکەزیەت بکەن، ئاخر ئەوە دەبێ بە یاسا ڕێک بخرێت؛ داخەکەم ئێستا ھەموو پرسێکیان کردووەتە مزایەدەی سیاسی و، وڵاتە نوقم بووە لە مزایەدەدا؛ جەختیشی کردەوە، ھەر کارێک خەیری خەڵکی ھەرێمی کوردستان تێدا بێت، پارتیی دیموکراتی کوردستان پێی باشە.

سەرۆکی فراکسیۆنی پارتیی دیموکراتی کوردستان لە ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی (زیاد کاکەڕەزا) بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "یاسای ژمارە سێ بۆ لامەرکەزیەتی پارێزگاکانە؛ بۆ ڕاییکردنی ئیشوکار و خزمەتکردنی خەڵک و، بڕینەوەی ڕۆتینیاتە، بەڵام ئەوەی ئێستا لە سلێمانی باسی لێوە دەکرێت بۆ لایەنی داراییە کە ھەر پارێزگایەک سەروەت و سامانەکەی بۆ خۆی بێت، بەڵام ئەمە بەبێ یاسا و بەرنامەیەکی تیروتەسەل ناکرێت؛ دەبێ یاسا بڵێت سەداچەندی داهات بۆ پارێزگاکە خۆی بێت و چەندیش بۆ حکوومەت."

(زیاد کاکەڕەزا) گوتیشی، ئەمە قەیرانی دارایی قووڵتر دەکاتەوە؛ لەبەر ئەوەی ئەگەر ھەر پارێزگایەک داھاتەکەی بۆ خۆی بێت، ئەوکات مووچەی فەرمانبەران زیاتر لەوەی ئێستا دوا دەکەوێت، ئەوکات چۆن مووچەکە بدرێت؟
سەرۆکی فراکسیۆنی پارتیی دیموکراتی کوردستان لە ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی ڕوونیشی کردەوە، ئێستا هەموو پرسێک بووەتە مزایەدە؛ ئەوەتا ئەو وڵاتە نوقم بووە لە مزایەدەدا و، ھەمووشمان زیانمان کردووە؛ جا با خۆجیاکردنەوە و، لەتلەتکردن ببێتە ھێڵی سوور و، کەس نەیبەزێنێت.
(زیاد کاکەڕەزا) گوتیشی، ئێستا کاتی ئەوە نییە باسی ئەو لامەرکەزیەتە بکرێت، لەبەر ئەوەی ھەرێم لە قەیراندایە و، ئەمەش ئاسان نییە و دەبێ بە یاسا ڕێک بخرێت؛ جا بەو شێوەیە بێت کە داوای دەکەن، وەزارەتی دارایی ھیچ ڕۆڵێکی نابێت.
جەختیشی کردەوە ئەوانەی باس لەوە دەکەن پارتی دژی لامەرکەزیەتە، ڕاست ناکەن؛ ھەر شتێک قازانجی خەڵکی ھەرێمی کوردستان تێدا بێت، پارتیی دیموکراتی کوردستان لەگەڵیدایە.

بڵند ئیبراھیم
 

هەواڵی پەیوەندیدار