جەللاد و قوربانی پێکەوە لە کەمپەکانی ئەڵمانیادان

ئەڵمانیا-KDP.info- کەناڵێکی تەلەڤزیۆنیی ئەڵمانیایی ئاشکرای کردووە، لە نێو کۆچبەرانی سووریاییدا کە پەنایان بۆ ئەڵمانیا بردووە، کەسانی ئەمنیی سەر بە ڕژێمی سووریایان تێدان کە بە ئەشکەنجەدانی گیراوانی سووریاییەکان تۆمەتبارن.
بەگوێرەی ڕاپۆرتێکی کەناڵی "ئاڕ تی"، ئەو تۆمەتبارانە ئێستا لە کەمپەکاندا نیشتەجێن، بێئەوەی بەرەورووی یاسا بکرێنەوە.
کەناڵە کە ئەوانی بە "جەللاد"ـی ڕژێمی (بەشار ئەسەد) ناو بردوون دەڵێ، پەیامنێرێکیان لە چوارچێوەی ڕاپۆرتێکیدا، لە نێو پەنابەرانی کەمپەکاندا چەندان کەسی دۆزیونەتەوە کە ئۆپۆزسیۆنی سووریا بە "شەبیحە" ناویان دەبات و، قسەیشی لەگەڵدا کردوون.
ڕاپۆرتەکە ڕوونی کردووەتەوە، زۆرێک لەوانەی ئێستا لە ئەڵمانیان، بە هۆی پاشخانەکانیانەوە بە چەندان ساڵ زیندانیکردن سزا دراون، بەڵام چونکە ئەوان "جەللاد" و ئەشکەنجەی بەندییەکانیان داوە، سزاکەیان لەسەر سووک کراوە و، زۆربەیشیان بەو هۆیەی کە کاری قیزەونیان کردووە، ئازاد کراون. ئاماژەیش دراوە کە هەندێک لەوان لە سووریاوە بەرەو ئەڵمانیا ڕایانکردووە و لە نێو پەنابەرانیشدا گیرساونەتەوە، بێئەوەی بەرەوڕووی یاسا بکرێنەوە.
DW




