٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

دانیمارك هێزی تایبەت رەوانەی كوردستان دەكات

سەرچاوە: KDP.info

دانیمارك-KDP.info- دانیمارك بڕیاری دا بەشداریكردنی لە ئۆپەراسیۆنەكاندا دژ بە داعش چڕ بكاتەوە و، بۆ ئەم مەبەستەیش وەزارەتی بەرگریی ئەو وڵاتە پلانێكی داڕشتووە و حكوومەتیش پلانەكەی پەسند كردووە.

بەپێی پلانەكە، دانیمارك 30 بۆ 50 راوێژكاری سەربازی بۆ باشووری كوردستان و عێراق دەنێرێت، هەروەها ژمارەیەكی دیكەی فڕۆكەی ئێف 16 رەوانەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەكات.

(كرستیان جینسن)، وەزیری بەرگریی دانیمارك رایگەیاند: "هیوادارین بتوانین لە 2016ـدا رۆڵی خۆمان بگێڕین و بتوانین لە عێراق و سووریا هێرشی ئاسمانی دژ بە داعش ئەنجام بدەین".

لە لایەكی دیكەوە، (پیتەر جویل جینسن) سەركردەی  پارتیی لیبراڵ و گوتەبێژی وەزارەتی بەرگریی دانیمارك ئاماژەی دا: "لە ئاستی نێودەوڵەتیدا دانیمارك بەردەوام داوای لێ دەكرێت رۆڵی كاریگەر بگێڕێت، ئێمەیش توانایەكی بێسنوورمان هەیە و، پێویستە بەدەم داواكانیانەوە بچین".

دەشڵێت، سوپای وڵاتەكەی دەتوانێت مەشقی سەربازی بە هێزە ئەمنییەكانی عێراق بكات و لە ڕووی لۆجستییشەوە هاوكاریان بێت.

لە ئۆكتۆبەری 2014ـدا، دانیمارك بووە ئەندام لە هاوپەیمانیی نیودەوڵەتی دژ بە داعش و، 90 سەرباز و  حەوت فڕۆكەی ئێف 16ـی رەوانەی بنكەی سەربازیی كوەیت كرد، تاوەكو ئێستایش 574  هێرشی ئاسمانی بۆ سەر بنكە و بارەگاكانی داعش لە عێراق و باشووری كوردستان ئەنجام داوە و، لەو  هێرشانەدا 503  بۆمب بەكار هێنراون.

هەواڵی پەیوەندیدار