"گەر پەیەدە پابەندی رێككەوتنی دهۆك بووایە، دۆخی ڕۆژئاوا بە ئێستا نەدەگەییشت"

ڕۆژئاوای كوردستان-KDP.info- ئەندامێكی كۆمیتەی سەركردایەتیی پارتی دیموكراتی كوردستان-سووریا دەڵێت، پەیەدە لە ڕۆژئاوای كوردستان رەخنەیەكی زۆری ئاڕاستە دەكرێت بە بێ ئەوەی گوێیان پێ بدات. ڕوونیشی دەكاتەوە كە، كاتێك دۆخی ڕۆژئاوا لە دەست دەرچێت، پەیەدە خۆی لە بەرپرسیارەتی دەدزێتەوە و دەیخاتە ئەستۆی لایەنەكانی دیكە.
(سەعید عومەر)، بە ماڵپەری فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند: "پەیەدە دەستی خستووەتە بینەقاقای خەڵك و هێزە سیاسییەكانی ڕۆژئاوای كوردستانەوە و، بە ناوی ئاساییشی ڕۆژئاواوە رۆژ نییە چالاكوانانی سیاسی نەگرێت و راپێچی زیندانیان نەكات، ماوەیەك پێش ئێستایش هێزێكی دەمامكداریان ئەندامێكی ئێمەیان لە شاری دێریكی گرتووە و لە بەرچاوی هاوسەر و منداڵەكانی ڕفاندوویانە، ئێستایش دەستیان كردووە بە هەڕەشە و گرتنی سەرجەم ئەندامانی حزبەكەمان، گومانیش دەكرێت سەرجەم كارەكانیان بە وەكالەتی رژێمی (بەشار ئەسەد) بێت، بۆیە ئەو دۆخەی لە ڕۆژئاوا دروست بووە، پەیەدە بەرپرسیاری سەرەكییەتی و دەبێت خۆیشی لەو بەرپرسیاریەتییە نەدزێتەوە".
(عومەر) گوتیشی: "بڕیارە بەم زووانە و بە واژۆی ملیۆنێك كەس لە ڕۆژئاوا، پرسی كورد ببرێتە كۆنگرەی ژنێڤ٣ كە سەرجەم كارەكان ئەنجوومەنی نیشتیمانیی كورد لە سووریا "ئەنەكەسە" پێی هەڵدەستێتت".
ئهو ئەندامهی كۆمیتەی سەركردایەتیی پارتی دیموكراتی كوردستان-سووریا دەشڵێت: "پەیەدە فەرمان لە دوو شوێن وەردەگرێت، كە یەكێكیان حكوومەتی سووریایە و دووەمیش قەندیلە، بۆیە هیچ كات بڕیار و رێككەوتن و گفتوگۆ لەگەڵیان سەر ناگرێت تا ئەو كاتەی ئەو دوولایەنە رەزامەند نەبن، بێگومان ئەگەر رێككەوتنی دهۆكیش كە بە سەرپەرشتیی (سەرۆك بارزانی) ئەنجام درا، لە ڕۆژئاوا جێبەجێ بكرابایە، دۆخی رۆژئاوا ئاوای لێ نەدەهات، چونكە بە هەزاران پێشمەرگەی ڕۆژئاوا لە دهۆك مەشقیان كردووە و ئامادەن پارێزگاری لە ڕۆژئاوا بكەن، كەچی پەیەدە رێگایان پێ نادات و، بە بیانووی شەڕی ناوخۆوە ناهێڵێت پارێزگاری لەو پارچەیەی كوردستان بكەن".
كارزان سەباح




