پەكەكە، بەربەستی بەردەم ئاوەدانكردنەوەی شنگالە

شنگال-KDP.info- قایمقامی شارۆچكەی شنگال دەڵێت، لە شارەكانی هەرێمی كوردستاندا، سندووقێك بۆ ئاوەدانكردنەوەی شنگال دانراوە، بەڵام پەكەكە بەربەست لە بەردەم ئاوەدانكردنەوەی ئەو شارۆچكەیەدا دروست دەكات و، بارەگا حكوومییەكان چۆڵ ناكات.
(مەحما خەلیل)، بە ماڵپەری فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند، پەكەكە ڕاست ناكەن و هێشتا بارەگا حكوومییەكانیان چۆڵ نەكردووە، هەروەها كێشە لە بەردەم ئاوەدانكردنەوەی شنگالدا دروست دەكەن و، نایانەوێت كارەساتی شنگال بە جینۆساید بناسرێت و ئاوارەكان بگەڕێنەوە سەر ماڵوحاڵی خۆیان.
(خەلیل) گوتیشی، مانەوەی پەكەكە لە شنگال، لە بەرژەوەندیی شنگال و شنگالییەكاندا نییە و، بگرە دەبێتە ئاستەنگ لە بەردەم كارەكانی و رێگە نادەن شنگال ئاوەدان بكرێتەوە.
قایمقامی شارۆچكەی شنگال دەشڵێت، لە پارێزگای دهۆك كۆنفڕانسێك لەبارەی ئاوەدانكردنەوەی شنگال ئەنجام درا و، سندووقێكیش دانرا بۆ هاوكاریكردنی ئەو شارە كە سندووقەكە لە هەموو شوێنەكان دادەنرێت و، لیژنەیەكیش سەرپەرشتی دەكات بۆ ئەوەی هاوكارییەكان شەفاف بن.
بڵند ئیبراهیم




