٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

"پێویستە كورد دەرفەتی ریفراندۆم لە دەست نەدات"

سەرچاوە: KDP.info
(نازم هەركی) جێگری سەرۆكی لیژنەی ناوخۆ لە پەرلەمانی كوردستان

هەولێر-KDP.info- پەرلەمانتارێكی فراكسیۆنی زەرد باس لەوە دەكات، دەرفەتێكی زۆر باش بۆ كورد هاتووەتە پێش بۆ ئەنجامدانی ریفراندۆم بۆ سەربەخۆیی كوردستان و، پێویستە هەموو لایەنە سیاسییەكان كێشەكان وەلا بنێن و كار بۆ ئەنجامدانی ریفراندۆم بكەن، چونكە ئەگەر ئەو دەرفەتە لەدەست بچێت، ئەستەمە جارێكی دیكە دووبارە ببێتەوە.

جێگری سەرۆكی لیژنەی ناوخۆ لە پەرلەمانی كوردستان و ئەندامی فراكسیۆنی زەرد (نازم هەركی)، بە ماڵپەری فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند، ئێستا باشترین قۆناغە بۆ ئەوەی كورد ریفراندۆم بۆ سەربەخۆیی كوردستان ئەنجام بدات، كە سەدان ساڵە لەو پێناوەدا خەبات دەكات و، لە ئێستادا خەریكە كورد دەگاتە ئاواتەكەی، بۆیە ناكرێت هیچ لایەنێك ئەوە وەكو گوشارێك بەكار بێنێت و بیكاتە موزایەدەی سیاسی، چونكە ئەوكارە پێچەوانەی خواستی گەلی كوردە.

گوتیشی، هەر لایەنێك خۆی لە پرسی ریفراندۆم بدزێتەوە، جۆرێكە لە خیانەتكردن لە گەلی كورد و شەهیدان و كەسوكارەكانیان، بۆیە ئەگەر لە ناوخۆی هەرێمی كوردستانیش كێشە هەبێت، پێویستە ریفراندۆم تێكەڵی ئەو كارە نەكرێت و هیچ لایەنێك وەكو كارتێك بۆ خۆی بەكاری نەهێنێت، چونكە ئەمە پرسێكی نەتەوەییە و خواستی هەموو كوردێكە لە هەر شوێنێكی دنیادا.

(هەركی) ڕوونیشی كردەوە، ئیدی كاتی ئەوە هاتووە ریفراندۆم ئەنجام بدرێت و خەڵكی كوردستان و كەسوكاری شەهیدان لە هیچ لایەنێك قبووڵ ناكەن ئاستەنگ لە بەردەم ئەنجامدانی ریفراندۆمدا دروست بكات، لەبەر ئەوەی ریفراندۆم مافی ڕەوای خەڵكە و كەس ناتوانێ رێگری لە ئەنجامدانی بكات.

ئەوپەرلەمانتارە راشیگەیاند، پێویستە هەموو لایەنەكان دوور لە بەرژەوەندیی حیزبی كار بۆ ئەنجامدانی ریفراندۆم بكەن، هەر لایەنێكیش دژی بێت، دواتر مێژوو رەحمی پێ ناكات.

دەشڵێت: "قۆناغی ئێستا بۆ ریفراندۆم زۆر گونجاوە و هیچ كات قۆناغی لەو شێوەیە بۆ كورد نەهاتووەتە بێش، بۆیە پێویستە ئەم دەرفەتە لەدەست نەدەین و ریفراندۆم بۆ سەربەخۆیی ئەنجام بدەین، لەبەر ئەوەی كەس نازانێت كەی جارێكی دیكە ئەم دەرفەتە بۆ كورد رێك دەكەوێت بۆ ئەوەی ریفراندۆم ئەنجام بدەین، لە ئێستایشدا وڵاتانی ئیقلیمی و نێودەوڵەتییش باس لەوە دەكەن كە باشترین قۆناغە بۆ ئەوەی كورد سەربەخۆیی رابگەیەنن و، پشتگیرییش لە كورد دەكەن".

 

بڵند ئیبراهیم

هەواڵی پەیوەندیدار