واشنتن.. شاندی هەرێم داوای زیادكردنی هاوكاری و پاڵپشتییەكانی ئەمەریكایان كرد

واشنتن-KDP.info- شاندێكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، دوای زنجیرەیەك كۆبوونەوە لەگەڵ كاربەدەستانی واشنتن، داوایان لە حكوومەتی ئەمەریكا كرد هاوكارییەكانی بۆ هەرێمی كوردستان زیاتر بكات بە مەبەستی دەربازبوون لە قەیرانە داراییەكان.
لە میانەی سەردانەكەی شاندی هەرێمی كوردستان بۆ ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا، كە پێك هاتبوو لە هەریەك لە (د. فوئاد حوسێن) سەرۆكی دیوانی سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان و (فەلاح مستەفا) بەرپرسی پەیوەندییەكانی دەرەوەی حكوومەتی هەرێم و خاتوو (بەیان سامی) نوێنەری حكوومەتی هەرێم لە ئەمەریكا، چاویان بە ژمارەیەك بەرپرسی حكوومی و سیناتۆر و مێدیاكاران كەوت بۆ ئەوەی لە دواپێشهاتە سیاسی و ئابووری و تەناهییەكانی هەرێمی كوردستان و ناوچەكە ئاگادار بكرێنەوە.
شاندی هەرێم، لە كۆبوونەوەیەكی هاوبەشدا، چاویان بە ژەنەڕاڵ (لیۆد ئۆستن) فەرماندەی ناوەندیی هێزەكانی ئەمەریكا كەوت كە تێیدا باسی ڕۆڵی هێزەكانی ئەمەریكا و هاوپەیمانان كرا لە پاڵپشتیكردن و هاوكاریكردنی هێزی پێشمەرگەی كوردستان و ئاوەدانكردنەوەی ناوچە زیانلێكەوتووەكان بە هۆی شەڕەكانی رێكخراوی تیرۆریستیی داعشەوە.
پاشان، شاندی ناوبراو كۆبوونەوەیان لەگەڵ هەریەك لە (تۆم مالینۆسكی) یاریدەدەری سكرتێر و (دەیڤید ساپرستین) باڵیۆز بۆ كاروباری ئازادیی ئایینیی نێودەوڵەتی و (تۆد باچواڵد) بەڕێوەبەری نووسینگەی دادی تاوانە جیهانییەكان ئەنجام دا كە تێیدا پوختەیەكیان سەبارەت بە ئاڵۆزبوونی رەوشی ئابووری و مرۆیی و تەناهیی هەرێمی كوردستان بۆ ئامادەبووان خستە روو كە لە ئەنجامی دابەزینی نرخی نەوت و شەڕی تیرۆریستانی داعش و هاتنی ژمارەیەكی بەرچاو لە ئاواری ناوخۆیی و دەرەكی بۆ هەرێمی كوردستان، دروست بووە.
بۆ ئەم مەبەستە، شاندەكە لەلایەن (جۆزێف پنتاگۆن) جێگری یاریدەدەری سكرتێر بۆ كاروباری عێراق و ئێران پێشوازییان لێ كرا بۆ قسەكردن لەسەر بارودۆخی هەنووكەیی هەرێمی كوردستان و ناوچەكە و كاریگەریی هاتنی ئاوارە ناوخۆیی و دەرەكییەكان لەسەر رەوشی ئابووریی هەرێمی كوردستان. لەم بارەیەیشەوە داوایان لە حكوومەتی ئەمەریكا كرد هاوكارییەكانی بۆ هەرێمی كوردستان زیاتر بكات بە مەبەستی دەربازبوون لە قەیرانە داراییەكان.
هاوكات، شاندی ناوبراو چاویان بە خاتوو (ئاماندا سلۆت) جێگری یاریدەدەری سكرتێر لە نووسینگەی كاروباری ئەورووپا و ئۆڕاسیا و (ڤلیپ كۆسنێت) بەڕێوەبەری نووسینگەی خوارووی ئەورووپا لە وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریكا كەوت كە تێیدا باسیان لە هاتنی زیاتر لە ملیۆنێك و 800 هەزار ئاوارە لە سووریا و ناوچەكانی ناوەڕاستی عێراق بۆ هەرێمی كوردستان كرد كە بووەتە بارگرانی بۆ رەوشی ئابووریی هەرێمی كوردستان.
لەلایەن خۆیەوە، (فەلاح مستەفا) بەرپرسی پەیوەندییەكانی دەرەوەی حكوومەت، كۆبوونەوەی لەگەڵ ژمارەیەك لە پسپۆڕانی پەیوەندییە دەرەكییەكان و سیاسەتمەداران ئەنجام دا كە تێیدا باس لە دواگۆڕانكارییە سیاسی و تەناهییەكانی عێراق و ناوچەكە كرا.
لە كۆتاییدا، شاندەكە چاویان بە ژمارەیەك لە سیناتۆر و سیاستمەداری حكوومی و بەرپرسانی حكوومی و حزبی و سەرنووسەری هەریەك لە ڕۆژنامەی واشنتن پۆست و ئەسۆشەیت پرێس كەوت كە تێیدا سوپاس و پێزانینی حكوومەتی هەرێم و خەڵكی كوردستانیان بە حكوومەتی ئەمەریكا ڕاگەیاند لەبری پێشكەشكردنی هاوكارییە سەربازی و لۆجستییەكانیان بۆ هەرێمی كوردستان لە كاتی رووبەڕووبوونەوەیان لەگەڵ ڕێكخراوی تیرۆریستیی داعشدا.




