بەرپرسێکی باڵای هەدەپە دەستگیر کرا

ئانکارا-KDP.info- بەرپرسی پارتی دیموکراتی گەلان هەدەپە لە شەمدین لە لایەن حکوومەتی تورکیاوە دەستگیر کرا و، تۆمەتی تیرۆر و هەوڵدان بۆ دابەشبوونی تورکیایان داوەتە پاڵ.
(غالیب گەیلانی) کە سەرۆکی هەدەپەبوو لە شەمدین، لە بەرواری 10-12-2015 دا بە فەرمی خۆبەڕێوەبردنی راگەیاند و، گوتی پێویستە شەمدین رێز لە بڕیارەکەی بگرن و خۆبەڕێوەبردن جێبەجێ بکەن.
دوێنێ لە ئێوارەدا کاتێک ویستویەتی بچێت بۆ (یوکسەک کۆڤە) لە رێگە دا لە لایەن پۆلیسی تورکیاوە دەستگیر دەکرێت و، پێیگوتراوه کە داوا کراویت پێویستە بتبەین بۆ زیندان.
بە گوێرەی ئەو زانیارییانەی بڵاوکراونەتەوە سەرەتا گەیلانییان بردوە بۆ ئاسایش و پاشان بۆ بەردەم دادگایان ناردوە. دوای لێکۆڵینەوە لە دۆسیەکەی دادوەر بڕیاری داوە دەستگیری بکەن تا ئەوکاتەی دادگایی دەکرێت.
گەیلانی تۆمەتبار کراوە بەوەی ویستویەتی یەکێتی خاکی تورکیا تێک بدات و، لەسەر داوای پەکەکە خۆبەڕێوەبردنی راگەیاندوە، ئەمەیش بە لای تورکیاوە هێڵی سوورە، بۆیە بەو تۆمەتە دادگایی دەکرێت.
تا ئێستا لە لایەن هەدەپە هیچ لێدوانێک لەسەر دەستگیرکردنی گەیلانی نەدراوە.
کارزان گلی




