ئامەد.. بەهۆی هێرش و تەقینەوەوە 46 کەس بوونە قوربانیی

ئامەد-KDP.info- بەھۆی هێرشی چەکداری و تەقینەوەی ئۆتۆمبێلێکی بۆمبرێژکراوەوە بە بارەگای ئاسایشی ناوچەی چنار لە ئامادی باکووری کوردستان، 5 كەس گیانیان لە دەست دا و 39ـی دیکەش بریندار بوون.
بەپێی زانیارییەكان، شەوی رابردوو ژمارەیەك چەكدار ھێرشیان كردە سەر بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی ناوچەی چناری سەر بە شاری ئامەد و، لە ئاکامدا 5 كەس کوژران و 39 دیکەش بریندار بوون.
بەگوێرەی روونكردنەوەیەك كە لەلایەن پارێزگاكەوە بڵاو كراوەتەوە، ئاماژە دراوە كە دوێنێ لە دەورووبەری سەعات ٢٣:٣٠ـدا 'چەكدارانی پەكەكە' لە رێگەی ئۆتۆمبێلێكی بۆمبڕێژكراوەوە هێرشیان كردە سەر بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی شارۆچكەی چنار و شوێنی مانەوەی كارمەندانی ئاسایش.
میدیاکان لەسەر زاری ھاوڵاتیانی دانیشتووی گوند و شارەكانی باكووری كوردستان بڵاویان کردووەتەوە کە، تا دێت شەڕ و ئاڵۆزییەكان لە باكووری كوردستان پەرە دەستێنێ، جگە لە شەڕ لە نێوان چەکدارانی پەكەكە و سوپا و ھێزە ئەمنییەكانی توركیادا لە ناوچە سنوورییەكان، گرووپی ئەو گەنجانەی لە ناو شارەكان رێكخراون رۆژانە لەگەڵ دەزگا ئەمنییەكان رووبەڕووی یەكتر دەبنەوە.




