٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

سنووری كوردستان چیای حەمرینە

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر-KDP.info-  ئەندامێكی ئەنجوومەنی سەركردایەتیی كەركووك - گەرمیانی پارتی دیموكراتی كوردستان دەڵَێ، ئەم خەندەقەی ئێستا هەرێمی كوردستان لە سنووری كەركووك لێی داوە، تەنیا بۆ پاراستنی هێزەكانی پێشمەرگە و هاووڵاتیانە.

(عە دنان كەركووكی)، بە ماڵپەری فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند: "ئەو خەندەقەی كە لە سنووری كەركووك لێ دراوە، لە ناحیەی رەبیعەوە دەست پێ دەكات هەتاكو ئەو سنوورانەی سەنگەرەكانی هێزی پێشمەرگەیان لێیە كە بۆ پارستنی خاكی هەرێم لە هێرشەكانی داعشە، بێگومان ئەمڕۆیش شێوازی شەڕكردنی داعش گۆڕاوە، بۆیە ئەم خەندەقە بۆ پاراستنی پێشمەرگە و هاووڵاتیانە و، ئەوەی كە بەشێك لە میدیا عەرەبی و كوردییەكان باسی دەكەن كە ئەم خەندەقە بۆ دیاریكردنی سنووری كوردستانە، نەخێر بۆ دیاریكردنی سنووری كوردستان نییە و، سنووری كوردستان چیای حەمرینە، مەبەستمان لەوەیش باشووری كوردستانە".
(كەركووكی) گوتیشی: "ئەوەی میدیاكان باسی لێوە دەكەن، تەنیا پڕوپاگەندەیەكە و دوورە لە راستییەوە، بەڵكو ئەمە لایەنێكی ئاساییشیی هەیە و تەنیا بۆ ئەو ناچانەیە كە ئێستا لە ژێر كۆنتڕۆڵی هێزی پێشمەرگەدان، بەڵام ئەم خەندەقە بەپێی شەڕەكان دەگوازرێتەوە بۆ شوێنی دیكە، ئەمەیش مەسەلەیەكی سەربازییە و لە هەموو دنیادا كە شەڕ دەبێت، خەندەق بۆ پارستنی هێزەكانیان لێ دەدەن".

فائیزە حەمید
 

هەواڵی پەیوەندیدار