٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
عێراقی و نێوده‌وڵه‌تی

لە ئەگەری ڕووخانی بەنداوی مووسڵ، ژیانی ١٠ ملیۆن كەس دەكەوێتە مەترسییەوە

سەرچاوە: KDP.info

مووسڵ-KDP.info- سەرۆكی ئەنجومەنی پارێزگای مووسڵ ڕایدەگەیێنێت، پێویستە لەوە زیاتر نۆژەنكردنەوەی بەنداوی مووسڵ پشتگوێ نەخرێت، چونكە ئەگەر بڕووخێت، ژیانی زیاتر لە ١٠ملیۆن كەس دەخاتە مەترسییەوە.

(بەشار كیكی)، بە ماڵپەری فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند، بەنداوی مووسڵ لە ڕووی تەكنیكییەوە هیچ مەترسییەكی گەورەی لەسەر نییە، بەڵام هەر لە سەرەتای دروستكردنییەوە پێویستی بە نۆژەنكردنەوەی بەردەوام هەیە، كە ئەمەیش ماوەیەكی زۆری بەسەردا تێپەڕ بووە و نۆژەن نەكراوەتەوە، بۆیە پێویستە كۆمپانیایەكی ئیتاڵیایی كە بەنداوەكەی دروست كردووە، بە فەرمی بێت بەشداری لە نۆژەنكردنەوەیدا بكات، بۆ ئەوەی هەموو لایەك بۆی ڕوون ببێتەوە كە ئەو بەنداوە مەترسی لەسەر نییە.
سەرۆكی ئەنجوومەنی پارێزگای مووسڵ گوتیشی، ڕووخانی ئەم بەنداوە زیانێكی گەورە لە عێراق دەدەات، كە ژیانی زیاتر لە ١٠ملیۆن كەس دەخاتە مەترسییەوە.
(كیكی) راشیگەیاند، نۆژەنكردنەوەی ئەو بەنداوە، پێویستی بە زیاتر لە ١٠٠ملیار دۆلار هەیە و حكوومەتی عێراقیش ڕاڕایە لە دابینكردنی ئەوپارەیە، بەڵام ناكرێت لەوە زیاتر ئەو پرسە دوا بخرێت، لەبەر ئەوەی ئەمە مەترسییە بۆ سەر عێراق و بگرە بۆ سەر ئەو لایەنانەی لە عێراقن و بەرژەوەندییان هەیە، بە تایبەت ئەمەریكا، هەر بۆیە ئەمەریكا زۆر گرینگی بەو پرسە دەدات.

دەشڵێت، پێویستە ئەو بەنداوە نۆژەن بكرێتەوە و، بۆ نۆژەنكردنەوەیشی كۆمپانیا ئیتاڵیاییەكە مەرجی هەیە، ئەویش ئەوەیە كە هێزێكی ئەو وڵاتە خۆی پارێزگارییان لێ بكات، بەڵام تاوەكو ئێستا ئەو پرسە یەكلا نەكراوەتەوە.

بڵند ئیبراهیم

هەواڵی پەیوەندیدار