٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

بە تایبەت لە پارتییەکانە.. هەڕەشەكردن لە كوردانی بەغدا بەردەوامە

سەرچاوە: KDP.info

بەغدا-KDP.info-  هەرچەندە سەرچاوەکانی دیار نین، بەڵام هەڕەشەكردن لە كوردانی بەغدا بەردەوام لە زیادبووندایە و، ئەو هەڕەشانەیش زیاتر لە كادیر و لایەنگرانی پارتی دیموكراتی كوردستان دەكرێت.

(ئیسماعیل سایەمیر)، بە ماڵپەری فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند، هەڕەشەكردن لە كوردانی بەغدا رۆژ بە رۆژ زیاد دەكات لە رێگەی ناردنی نامەی مۆبایل و تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان كە تۆمەتی جیاجیا دەدرێتە پاڵیان و، كەسیش نازانێت ئەوانە كێن كە هەڕەشە لە كورد دەكەن.
(سایەمیر) گوتیشی: "هەڕەشەكان زیاتر لە كادیرانی پارتی دیموكراتی كوردستان دەكرێت، بە تایبەت ئەوانەی چالاكن و دەچنە نێو خەڵك كە وێنەكانیشیان لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان بڵاو كردووەتەوە و وێنەی منیشیان بڵاو كردووەتەوە، بۆیە ئێمەیش سەركردایەتیی خۆمان ئاگادار كردووەتەوە".
ئەو بەرپرسەی پارتی ڕوونیشی كردەوە: "خەڵك ترسی هەیە و هانا بۆ ئێمە دەهێنێت كە هەڕەشەیان لێ دەكرێت، بۆیە هەر شتێك لە كورد بكرێت، ئێمە لایەنە پەیوەندیدارەكان بە بەرپرسیار دەزانین".

دەشڵێت: "لە بەغدا رێگە نادەن ئێمە تەنانەت دەمانچەیەكیشمان لابێت و مۆڵەتمان پێ نادەن، بۆ ئەوەی بەرگری لە خۆمان بكەین لە هەر حاڵەتێكی نەخوازراو، بۆیە داوا لە نوێنەرانی كورد دەكەین لە بەغدا هەوڵێك بدەن، بۆ ئەوەی ئێمەیش چەكێكمان هەبێت و بتوانین بەرگری لە خۆمان بكەین".
ئەو هەروەها رەخنەی توندیشی لە مێدیای كوردی گرت بەوەی كە گرینگی بەو پرسە نادەن، لە كاتێكدا كورد هیچ جیاوازیی نیە لە هەر شوێنكی عێراق بێت. "هیوادارم لەمەودوا گرینگی بەو پرسە بدرێت، چونكە ژیانی كوردانی بەغدا لە مەترسیدایە".
بڵند ئیبراهیم
 

هەواڵی پەیوەندیدار