وەزارەتی دارایی كرێی وانەبێژانی كەم كردەوە

هەولێر-KDP.info- بە بڕیارێك، وەزارەتی دارایی كرێی وانەگوتنەوەی وانەبێژانی لە زانكۆ و پەیمانگاكان كەم كردەوە.
بەپێی نووسراوێكی وەزارەتی دارایی كە وێنەیەكی دەست ماڵپەری فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان كەوتووە و ئاڕاستەی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستیی حكوومەتی هەرێمی كوردستان كراوە، وەزارەتی دارایی كرێی وانەبێژانی لە زانكۆ و پەیمانگاكاندا كەم دەكاتەوە.
بەپێی نووسراوەكە، كرێی وانەبێژیی بۆ پڕۆفیسۆر كردووە بە ٦٥٠٠ دینار و بۆ یاریدەدەری پڕۆفیسۆر كراوە بە ٥٥٠٠ دینار، هەروەها بۆ مامۆستایش ٤٥٠٠ دینار.
هەر لەو رێنماییەدا كرێی وانەبێژانی بۆ خاوەن بڕوانامەكانی دیبلۆمی باڵا و بەكالۆریۆس و دیبلۆم دیاری كردووە.
هەروەها لە رێنماییەكەدا ئاماژەیش دراوە كە، كار بە هیچ رێنمایی و نووسراوێكی دیكە ناكرێت و ئەم رێنماییەیش لە رۆژی دەرچوونییەوە كاری پێ دەكرێت.




