داوودئۆغلو: مەیدانمان بۆ چۆڵ بكەن، دەزانین چۆن داعش لەناو ببەین

ئانكارا-KDP.info- سەرۆكوەزیرانی توركیا (ئەحمەد داوودئۆغلو) ڕایگەیاند، ئەوان وەكو توركیا بە شێوەیەكی روون و ئاشكرا شەڕی داعشیان كردووە، بەڵام ڕووسیا بۆ مەرامی خۆی هاتووەتە ناو خاكی سووریا و، بە هیچ شێوەیەك شەڕی داعش ناكات، بەڵكو ئەو تەنیا دەیەوێت ئۆپۆزسیۆنی سووریا لەناو ببات.
لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەنووسیدا كە لە ئیستانبووڵ رێكی خستبوو، (داوودئۆغلو) باسی لە تەقینەوەكەی سوڵتان ئەحمەد كرد و، ئاماژەی دا كە ئەو تەقینەوەیە بە هیچ شێوەیەك نابێتە رێگر بەوەی گەشتیار روو لە توركیا نەكەن، هەر گەشتیارێك بێتە توركیا گیانی پارێزراوە.
ئەو لە بەشێكی دیكەی قسەكانیدا گوتی، لەگەڵ وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا سەردانی بریندارانیان كرد لە نەخۆشخانە كە زۆربەیان هاووڵاتی ئەڵمانیایی بوون، یەكێك لە بریدارەكان پێی راگەیاندووە كە ئەگەر لە ئەڵمانیایش بوونایە هەر ئەوەندە گرینگییان پێ دەدرا. بۆیە ئەو گوتەیەی بە شانازی بۆ وڵاتەكەی باس كرد.
هەروەها رەخنەی لە ڕووسیا گرت بەوەی بە هیچ شێوەیەك شەڕی داعش ناكات، بەڵكە شەڕی ئۆپۆزسیۆنی راستەقینەی سووریا دەكات و، هەموو هێرشەكانیشی بۆ سەر ئەوانە.
(داوودئۆغلو) بە تووڕەییەوە گوتی: "دەبێت وڵاتان خۆیان یەكلا بكەنەوە، كە ئایا بە ڕاستی دەیانەوێت لە داعش بدەن یان بە راستیان نییە؟ ئەگەر ئەوان نیازی لێدانی داعشیان نییە یاخود نایانەوێت لەناوی ببەن، مەیدان بۆ توركیا چۆڵ بكەن، چونكە ئێمە دەتوانین داعش لەناو ببیەن."
هەروەها باسی لەوەیش كرد، كە وەكو میتی توركیا زانیارییان وەرگرتووە، كە حكوومەتی سووریا لەگەڵ داعشدا بە نهێنی كار دەكەن بۆ ئەوەی لە ئۆپۆزسیۆنی سووریا بدەن، واتە (ئەسەد) و داعش هاوپەیمانی یەكترین.
كارزان گلی




