٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

فازڵ میرانی: مامۆستایان مەدالیای سەر سینگی پێشمەرگەن

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر-KDP.info- سكرتێری مەكتەبی سیاسیی پارتی دیموكراتی كوردستان، لە دیداریدا لەگەڵ مەكتەبی سكرتارییەتی یەكێتیی مامۆستایاندا ڕایگەیاند، لەبەر رۆڵی گرینگیان لە پێگەیاندنی رۆڵەكانمان لەسەر خۆشەویستیی میللەت و بەرزكردنەوەی هەستی نەتەوایەتی، مامۆستایان مەدالیای سەر سینگی پێشمەرگەن.

ئەمڕۆ لە بارەگای مەكتەبی سیاسیی پارتی دیموكراتی كوردستان، (فازڵ میرانی) پێشوازی لە یەكێتیی مامۆستایانی كوردستان (مەكتەبی سكرتارییەت) كرد.

لە دانشتنێكدا كە (چنار سەعد عەبدوڵڵا) ئەندامی سه‌ركردایه‌تى و، (رەمزی شەعبان) ئەندامی یەدەگی مەكتەبی سیاسی ئامادەی بوون، (میرانی) بەخێرهاتنی شاندی میوانی كرد و، خۆشحاڵیی خۆی بۆ ئەم دیدارە دەربڕی.

(فازڵ میرانی) هەروەها كورتەیەك لەسەر رەوشی ئەمڕۆی كوردستان و عێراق و ناوچەكەی پێشكەش كرد و، پیرۆزبایی لە پێشمەرگەی كوردستان كرد بۆ سەركەوتنەكان و قارەمانێتی و بەرگریكردنیان لە هەرێمی كوردستان بۆ مسۆگەركردنی سەقامگیری و ئارامیی كوردستان كە رۆڵیان زۆر گرینگە و، بوونەتە سیمبولی نەتەوەی كورد، مامۆستایانیش مەدالیای سەر سینگی پێشمەرگەن ئەمەیش لەبەر رۆڵی گرینگیان لە پێگەیاندنی رۆڵەكانمان لەسەر خۆشەویستی میللەت و بەرزكردنه‌وه‌ی هەستی نەتەوایەتی.

دواتر بە ناوی مەكتەبی سكرتاریەتی مامۆستایانی كوردستانەوە، (عەبدولواحید محەمەد حاجی)، سوپاسی مەكتەبی سیاسییان كرد بۆ رەخساندنی ئەم دیدارە كە پێشتر سەردانی هەموو لایەنە سیاسییەكانیان كردووە بۆ گەیاندنی نیگەرانیی خەڵكی كوردستان و هەستكردنیان و بەپێویست زانینیان كە لایەنەكان دەبێ بە زووترین كات بە سازان و لێكتێگەییشتن بگەڕێنەوە سەر مێزی گفتوگۆ بۆ چارەكردنی كێشەكانی هەرێمی كوردستان.

لای خۆیەوە، (فازڵ میرانی) سوپاسی هەستی بەرزی مامۆستایانی كرد بۆ ئەم دەستپێشخەرییە و، هەڵوێستیانی بەرز نرخاند و جەختی كردەوە لەوەی كە، لە ڕابردوودا و سەرەڕای هەموو قەیرانەكان، مامۆستا هیچ كاتێك دەرگای قوتابخانەی دانەخستووە و پرۆسەی پەروەردە هەردەم بەردەوام بووە.

گوتیشی: "ئێمە لە نیگەرانیی خەڵك تێدەگەین و پارتی دیموكراتی كوردستانیش هەمیشە سیاسەتی ئەوە بووە كە بەرژەوەندییە باڵاكانی گەلی كوردستان لە سەرووی هەموو بەرژەوەندییەكانی دیكەوەیە، پێویستیشە لەسەر بنەمای سازانی نیشتمانی، ئاشتیی سیاسی و كۆمەڵایەتی زیاتر بچەسپێت و سەركردایەتیی پارتی بەردەوام هەوڵی بۆ یەكڕیزیی ناو ماڵی كورد داوە و، پێی وایە دەبێ پرسە چارەنووسسازەكان بە سازانی نیشتمانی یەكلا بكرێنەوە".

دواتر سكرتێری مەكتەبی سیاسی ئاماژەی دا: "دەبێ جیاوازییەكانمان كە دەرهاوییشتەی پرۆسەی سیاسین، بكەینە هەوێنی پتەوكردنی پرۆسەی دیموكراسی و رێكخستنی ناو ماڵی كورد، نەك ببێتە هۆی لێكترازان و ململانێی نادروست، چونكە بەرهەمی تەبایی و یەكڕیزیی كورد، زامنی پاراستنی مافەكانی خەڵكی كوردستانە و، گەرەنتیی باشكردنی ژیان و گوزەرانیشیانە.

هەواڵی پەیوەندیدار