محەممەدنەزیف: كاتیەتی بارزانی سەربەخۆیی رابگەیێنێت

هەولێر-KDP.info- (محەممەدنەزیف قادری) ئەندامی دەفتەری سیاسیی حزبی دیموكراتی كوردستانی ئێران، باس لە ڕەوشی ناوخۆی كوردستان دەكات و دەڵێ، (سەرۆك بارزانی) ڕۆڵی گرینگ لە ناوچەكەدا دەبینێت بۆ بەدەستهێتانی مافی گەلی كورد، ئێستایش كاتیەتی سەربەخۆیی رابگەیێنێت.
ئهو ئەندامهی دەفتەری سیاسی حزبی دیموكراتی كوردستانی ئێران "حدكا"، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموركراتی كوردستانی راگەیاند: "هەوڵەكانی سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان، بە هەوڵی بەرپرسانە دەزانین بە تایبەتی ئەو هەوڵانەی لە بەرانبەر دەوڵەتی ناوەندی داویانە كە گرفتەكان لە رێگای دیالۆگەوە چارە بكەن، بەڵام هیچ گومانێكی تێدا نییە بەغدا نایەوێت پرسی پەیوەندیی هەرێم و عێراق بەشێوەیەكی فەرمی و بە ئاقارێكی باش لە چوارچێوەی گفتوگۆدا كۆتایی پێ بهێنرێت".
(قادری) گوتیشی: "بە باوەڕی ئێمە، هەوڵەكانی هەرێمی كوردستان لە ڕووی سیاسییەوە حەكیمانە بووە و، ئەگەر لە چوارچێوەی ئەو هەوڵانەدا گرفتی هەرێمی كوردستان لەگەڵ بەغدا چارە نەبێت و نییەتێكی باش لەلایەن بەغداوە بوونی نەبێت، ئەوا شتێكی سرووشتییە كە كورد ئیتر مافی ئەوەی هەیە سەربەخۆ بێت لە چوارچێوەی دەوڵەتی كوردیدا. سەربەخۆییش مافێكی گەلی كوردستانە و دەبێت هەموو جیهان و دەنگی ئازاد پشگیری بكەن، كە ئێستا كوردستان ئەو ئەركە سیاسی و مێژووییەی كەوتووەتە سەرشان و، دەبێت كۆمەڵگای نێودەوڵەتی دڵی خەڵكی كوردستان خۆش بكات".
دەشڵێت: "سەرۆكی هەرێمی كوردستان (مەسعوود بارزانی)، رۆڵێكی باشی لە ناوچەكەدا بینیوە و جێگای رێزو دەستخۆشیلێكردنە، هەوڵەكانی جەنابیشیان بۆ هەموو تاكەكانی كورد پیرۆزە و پێویستە حەكیمانە هێزەكانی باشووری كوردستان یەكگوتار و یەكئاڕاستە بكات، چونكە هەموویان چاویان لە سەرۆكە و لە ئاستی نێودەوڵەتییشدا زیاتر پەیوەندییەكانی فراوان بكات، تا كورد بە ئامانجی خۆی بگات و، بێَگومان (بارزانی)ـیش دەتوانێت ئومێد بخاتە دڵی شكاو و بەشخوراوی گەلی كورد".
كارزان سەباح




