٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

حاكم قادر: ڕێككه‌وتنی پارتی و یەكێتی زۆر گرینگه‌

سەرچاوە: KDP.info
(حاكم قادر حەمەجان) ئەندامێكی مەكتەبی سیاسیی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان

هەولێر-KDP.info- ئەندامێكی مەكتەبی سیاسیی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان دەڵێ، كۆبوونەوەی پارتی و یەكێتی زۆر گرینگ بوو و، دەستپێكێكی باشیشە بۆ درێژەدان بە دانیشتن و گفتوگۆكان لەگەڵ سەرۆكی هەرێمی كوردستاندا.

(حاكم قادر حەمەجان)، بە ماڵپەری فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند: "رێككەوتنی یەكێتی و پارتی بۆ دۆخی ئێستای كوردستان زۆر گرینگە و، هەروەها رێككەوتنی سەرجەم لایەنەكانیش بە گرینگ دەزانم بۆ یەكخستنەوەی ناوماڵی كوردی و، هەنگاوێكی باشیشە لە نێوان هەموو لایەنە سیاسییەكاندا بە بێ جیاوازی".

(حەمەجان) گوتیشی: "كۆبوونەوەی پارتی و یەكێتی بۆ خەڵكی كوردستان ئارامبەخش بوو، چونكە خەڵكی كوردستان ئارامی و دڵنیاییان دەوێت و، چاوەڕوانن حزبەكان پشگیریی پێشمەرگە بكەن، لە هەمان كاتدا فەرمانبەران چاویان لە باشتركردنی مووچەكانیانە، دڵنیاییان دەوێت كە سەرجەم ئەمانەیش بە برایەتی و تەبایی سەرجەم لایەنەكان بەدی دەهێنرێت، لەو روانگەیەیشەوە پارتی و یەكێتی وەك بەرپرسیارەتیی سەرشانی خۆیان، بە گرینگی دەزانن لە قۆناغی ئێستای هەرێمی كوردستاندا پێكەوە كاری هاوبەش بكەن".

دەشڵێت: "كۆبوونەوەی پارتی و یەكێتی بەردەوام دەبێت، بە تایبەتی وەك یەكێتی چاوەڕوانی وەڵامی پارتی دەبین بۆ ئەو پڕۆژەیەی كە پێشكەشمان كردوون و، هەروەها كۆبوونەوەی ئێمە و لایەنەكانی دیكەیش درێژەیان دەبێت".

ئەوەیشی خستە روو كە، ئەو كۆبوونەوەیەی لە نێوان پارتی و یەكێتیدا كرا، دەستپێكێكی باشە بۆ كۆبوونەوەی داهاتووی لایەنەكان لەگەڵ سەرۆكی هەرێمی كوردستاندا.

 

كارزان سەباح

هەواڵی پەیوەندیدار