هاووڵاتیانی تورکیا چۆن دەڕواننە داعش

ئانكارا-KDP.info- زانکۆی (قادیرهاس) لە تورکیا لە راپرسییەکدا کە لە 26 شاری تورکیا ئەنجامی داوە، گرنگترین ئەو پرسیارانەی لە هاووڵاتیان کردوە، کە ئێستا رۆژەڤی تورکیایە.
یەکێک لە پرسیارەکان ئایا سیستەمی سەرۆکایەتیت بۆ تورکیا پێ باشە؟ بە گوێرەی ئەنجامی راپرسییەکە 69%ی خەڵکی تورکیا دژی هێنانی سیستەمی سەرۆکایەتین.
بە گوێرەی ئەو راپرسییەی زانکۆی ناوبراو ئەنجامی داوە، ئەمساڵ جیا لە ساڵی پار، خەڵکی تورکیا پێیان وایە سەرەکیترین کێشەی تورکیا کێشەی تیرۆرە، بە پێچەوانەوە ساڵی پار تیرۆر کێشەیەکی سەرەکی نەبوە بە لای خەڵکی تورکیاوە.
لە راپرسییەکەدا 86.4% هاووڵاتیانی تورکیا پێیان وایە ئێستا تورکیا بە دەست تیرۆرەوە دەناڵێنێت، بۆیە تیرۆر لە هەموو کێشەکانی دیکەی تورکیا ترسناکترە. هەروەها ئەوان کە باسیان لە تیرۆر کردوە مەبەستیان گروپی تیرۆریستی داعشە.
ئەگەرچی 86.4%ی هاووڵاتیانی تورکیا داعشیان پێ مەترسییە بۆ سەر تورکیا و بە تیرۆرستی ناو دەبەن، بەڵام 54%ی هاووڵاتیانی لەگەڵ ئەوەدان کە تورکیا لە رێگەی فڕۆکەی جەنگییەوە داعش بۆردومان بکات.
لە پرسیارێکی دیکەدا کە زانکۆی ناوبراو لە هاووڵاتیانی کردوە و، بەوەی ئایا حکوومەتی تورکیا لەو ئۆپەراسیۆنانەی دژی پەکەکە ئەنجامی داوە سەرکەوتوو بووە؟ 45.8%ی هاووڵاتیانی تورکیا پێیان وایە کە دەوڵەت سەرکەتوو نەبووە لەو ئۆپەراسیۆنانە دا.
هەروەها لە وەڵامی پرسیارێکی دیکەدا، کە ئایا تورکیا بەرەو دابەش دەڕوات؟ هاووڵاتیانی تورکیا 54.2% هاووڵاتیانی تورکیا پێیان وایە کە بەڵێ تورکیا بەرەو دابەشبوون دەڕوات، لە کاتێکدا ساڵی پار 46.2%ی هاووڵاتیان تورکیا پێیان وابوو تورکیا بەرەو دابەشبوون دەچێت.
کارزان گلی




