"خەڵکێکی کەم بیر لە جێهێشتنی کوردستان دەکەنەوە"

ههولێر-KDP.info- دیندار زێباری رایدهگهینێ كه بەهۆی ئەو زەمینە پێکەوەژیانەی بۆ کەمایەتییە ئاینییەکان رەخساوە خەڵکێکی کەم بیر لە جێهێشتنی کوردستان دەکەنەوە.
بهگوێرهی دواین راپۆرتی رێکخراوی کۆچی نێودەوڵەتی کە رۆژی ٢١ی کانوونی یەکەم بڵاوکرایەوە، زیاتر لە یەک ملیۆن کۆچبەر لە ساڵی ٢٠١٥ دا روویان کردووەتە ئەورووپا.
د. دیندار زێباری، سەرۆکی لیژنەی هەڵسەنگاندن و وەڵامدانەوەی راپۆرتە نێودەوڵەتیەکان لە روونکردنەوەیەکدا بۆ رێکخراوی کۆچی نێودەوڵەتی رایگەیاند بەگوێرهی بە دواداچوون بۆ ئەو ئامارانەی کە لە لایەن رێکخراوی کۆچی نێودەوڵەتی بڵاوکرایەوە دەرکەوتووە لەو عێراقیانەی کۆچیان کردووە ژمارەیەکی کەمیان کوردن کە لە باشوورەوە روویان کردووەتە ئەورووپا.
زێباری کەمی ژمارەی کۆچکردنی لە هەرێمی کوردستان بە بەراورد بە عێراق و وڵاتانی دیکە گێڕایەوە بۆ ئەو پێکەوە ژیانەی کە لە هەرێمی کوردستاندا هەیە و گوتی " بەهۆی ئەو زەمینەی پێکەوە ژیانەی کە لە کوردستاندا رەخساوە بۆ هەموو کەمایەتییە ئاینییەکان، ژمارەیەکی کەم لەم خەڵکە بیر لە جێهێشتنی کوردستان و کۆچکردن بەرەو ئەورووپا دەکەنەوە".
لە بەشێکی دیکەی روونکردنەوەکەدا کە بە رێکخراوی کۆچی نێودەوڵەتی دراوە سەرۆکی لیژنەی هەڵسەنگاندن و وەڵامدانەوەی راپۆرتە نێودەوڵەتییەکان ئاماژەی بەوە کردووە کە رێکخراو، کەسایەتی و سیاسەتمەدارانی جیهانی کە سەردانی کوردستانیان کردووە گەواهیدەری ئەو پێکەوە ژیانەن کە لە هەرێمی کوردستاندا هەیە، چونکە سەرەڕای ئەو قەیرانە داراییەی رووبەرووی هەرێمی کوردستان بووەتەوە حکومەتی هەرێم باوەشی بۆ نزیکەی (2) ملیۆن ئاوارە و پەنابەر کردووەتەوە و هاتنیان بەردەوامە ئەمە لە کاتێکدا کە وڵاتانی دەوروبەری عێراق و سوریا بە ئاشکرا رایانگەیاندووە ناتوانن چیدیکە پەنابەر وەربگرن.
لە لایەکی دیکەشەوە زیادبوونی ژمارەی عەرەب و کریستیانەکان بەتایبەت کریستیانەکانی دەشتی نەینەوا لە هەرێمی کوردستان پاش هاتنی تیرۆریستانی داعش بۆ عێراق، بەڵگەیەکی حاشا هەڵنەگرە بۆ ئەوەی کە پێکەوە ژیان وەک چۆن لە رابردوودا لە هەرێمی کوردستان هەبووە ، بەردەوامە.
زێباری رایگەیاند:"لە ئێستادا 657هەزار و 700 عەرەب و 67 هەزار و 790 کریستیان لە هەرێمی کوردستان دەژین".
لە راپۆرتەکەی ئای ئۆ ئێمدا هاتووە، لە کۆی ملیۆنێک و پێنج هەزار و پێنجسەد و چوار کەس کە گەشتوونەتە ئەورووپا هەشت سەد هەزاریان لە تورکیاوە گەیشتوونەتە ئەورووپا کە 445 هەزاریان کۆچبەری سووریاین، هەروەها زیاتر لە 186 هەزار کۆچبەریش ئەفغانین. بەپێی ئامارەکان زیاتر لە 50% لە کۆچبەرەکان سووریاین ، 20%یان ئەفغانی و 7%یان عێراقین، بەڵام ئاماژە بەو کۆچبەرانە نەکراوە کە لە وڵاتانی باڵکانەوە روودەکەنە ئەورووپا و ئامارێکی وردو دروست لەبەردەستدا نییە بۆ ژمارەی ئەو کۆچبەرانەی لە هەرێمی کوردستانەوە چوونەتە ئەوروپا.
سەبارەت بەو ئێزدیانەی کە لەلایەن داعشەوە رفێندرابوون د. دیندار دەڵێ:"لە یەکەم رۆژی رفاندنی خوشک و برا ئێزدیەکانەوە حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە بەرزترین ئاستەوە هەوڵەکانی خۆی دەستپێکرد بۆ رزگارکردنیان لەژێر دەستی داعش و بەپێی دواین ئامارەکان بەشێکی زۆر لەو ئێزدیانەی کە لەلایەن داعشەوە رفێندرابوون ئێستا رزگارکراون و گەڕاونەتە ناو بنەماڵەکانی خۆیان لە کەمپەکانی هەرێمی کوردستان. لە دواین ئاماریشدا ئاماژە بەوە کراوە لە کۆی 5838 کەس کە رفێنراون 2302 کەسیان رزگارکراوە.




