"بەرزبوونەوەی دۆلار لەبەرژوەندی ھەندێک کەسدایە"

بهغدا-KDP.info- ئەندامێکی لیژنەی دارایی لەئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق دەڵێت، ھۆکاری بەرزبوونەوەی نرخی دۆلار بانکی ناوەندی عێراقە، لەبەر ئەوەی لە قازانجی ھەندێک کەسدایە.
ئەندامێکی لیژنەی دارایی لەئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق (حاکم سەرحان سلێڤانەیی) بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموکراتی کوردستانی راگەیاند: "ھۆکاری بەرزبوونەوەی دۆلار بەرامبەر بە دینار بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە بانکی ناوەندی دۆلاری کەم دەخاتە بازاڕەوە؛ بۆیە نرخی دۆلار بەرز بووەتەوە، ئەمەش تەنھا لە بەرژوەندیی کەسانێکی تایبەتی ئەو بانکە و پلانیان بۆ داڕشتووە، بۆیە پێویستە حکوومەتی عێراق کار بکاتە بۆ ئەوەی دیناری عێراقی بەھێز بێت نەک بەوشێوەیە بێت،چونکە ئەمە زیان بەعێراق دەگەیێنێت و کاریگەری خراپیشی بۆ سەر قەیرانی ئابووری دەبێت."
(حاکم سەرحان سلێڤانەیی) گوتیشی، حکوومەتی عێراق ناتوانن لە ڕێگەی بەرزبوونەوەی نرخی دۆلار بەرامبەر بە دینار کورتهێنانی بودجە چارەسەر بکات، لەبەر ئەوەی ئەگەر نیازێکی لەوشێوەی ھەبووایە ئەمەی دەکردە برگەیەک لە پرۆژەیاسای بوودجە.
بەپێی زانیارییەکان ئەمڕۆ نرخی ١٠٠ دۆلار بوو بە ١٢٨ھەزارو٢٥٠دینار و، نرخەکەشی بەردەوام لە زیادبووندایە.
بڵند ئیبراھیم




