بزانه ئۆباما له گوتاری ساڵانهیدا چی گوت

ئهمهریكا-KDP.info- ئۆباما له گوتارە ساڵانهکەیدا چهند تهوهرێكی باس كرد كه پێوهست بوو به شهڕی دژ به داعش و ئابووری ئهمهریكا.
سهرۆك ئۆباما، له دوایین گوتاری خۆیدا كه بۆ ئهمهریكا پێشكهیشی كرد رایگهیاند كه، پازده ساڵی ئهم سهدهیه تێپهڕ بوو که به تێرۆرێک دهستی پێکرد گهیشته کهنارهکانی وڵاتهکهمان و نهوهیهکی نوێمان کهوته دوو شهڕی درێژخایهنی زۆر تێچوو و له میانهیهدا ئابووری له سهرانسهری وڵات و جیهاندا لاواز و سست بوو. بهڵام ئێستا ئهو لاپهڕهیه ههڵدهدهینهوه و ئهوهتا ئابووری ئهمهریکا جارێکی دیکه گهشه دهکاتهوه و ههلی کاری نوێ بە خێرایی دروست دهبن که لهوهتهی ساڵی 1999 بهو شێوهیه نهبووه.
ئاماژهیشی دا ڕێژەی بێ کاری بۆ ئاستێک دابەزیوە کە کەمترە لەوەی پێش دروستبوونی قەیرانی ئابووری و هەروەها ژمارەیەکی زیاتر خوێندکار خوێندنی خۆیان تەواو دەکەن و خەڵکێکی زیاتر بیمەی تەندروستییان بەدەست هێناوە. هەڕەشەی ئەوەی کرد ئەگەر هەر هەوڵێک بدرێت بۆ گۆڕینی سیستەمە نوێیەکەی خزمەتگوزاری تەندروستی، ئەوەی بەڕێوەبەرایەتییەکەی بەرنامە داڕێژەری بوو، ئەوا مافی ڤیتۆ بەکار دەهێنێت.
پاشان باسی ڕزگاربوونی وڵاتەکەی لە دەستی نەوتی بیانی کرد و گوتی ڕزگارمان بوو لە نەوتی بیانی وەکو ئەوەی چۆن 30 ساڵ لەمەوبەر وا بووین. ئاماژەی بەوە کرد ئەمەریکا ئەمڕۆ ژمارە یەکە لە نەوت و گازدا و هەروەها لە بەرهەمهێنانی وزەی بادا.
باسی ئابووریی وڵاتەکەیانی کرد و گوتی لە گەشەکردنێکی زۆر باشدایە و تەرازی بوودجە و خەرجی وەها ڕێک بووەتەوە لەو پەنجا ساڵەدا لە وێنەی نەبووە.
گوتیشی باشبوونی باری ئابووری، ژیان و گوزرانی زۆر کەسی باشتر کردووە دیسان مووچە زیاد دەکات و کۆمپانیا بچووکەکانیش بە نیازن لە هەموو کاتێک زیاتر لەوەتەی ساڵی 2007وە مووچەی کارمەندەکانیان زیاد بکەن.
سەبارەت بە گرنگیدان بابەتەکانی پەیوەست بە منداڵان و ژنان، سەرۆک ئۆباما گوتی نابێت وەکو بابەتی لاوەکی چاویان لێبکەین، بەڵکو دەبێت لە پێشەوەی کارەکانمان بن. جەختی لە گرنگیدان بە منداڵان کرد و گوتی لە بەرنامەیدایە ساڵانە 3هەزار دۆلار بۆ هەر منداڵێک لە باجی سەرشانی هەر خێزانێک کەم بکاتەوە. جەختی لەوەش کرد کە دەبێت ژن بەقەدەر پیاو مووچەی بدرێتێ و جیاوازی نەکرێت. پاشان پێشنیاری بۆ یاسادانەران کرد مووچەی فەرمانبەران زیاد بکرێت و گوتی ئەوەی ڕەخنەی لەم بارەیەوە هەیە و دەبێتە ڕێگر با خۆی تاقی بکاتەوە.
لە بەشێکی وتارەکەیدا داوای کرد لەم سەردەمەی پێشکەوتنەی هەموو جیهانی گرتووەتەوە زیاتر گرنگی بە خوێندنی کۆلێژ و زانکۆکان لە ئەمەریکا بدرێت و گوتی پێشنیارێک بۆ کۆنگرێس دەکات بڕیارێک بدەن بۆ نەهێشتنی خەرجییەکانی سەر شانی خوێندکاران لە کۆلێژەکانی وڵاتەکە تاوەکو وەکو خوێندنی ئامادەیی بە خۆڕایی ببێت.
سەرۆک ئۆباما باسی لەوەش کرد کە دەبێت ئەمەریکا لە ئاستی پزیشکی و زانست و تەکنەلوجیا هەر لە پێشەنگدابێت و ئەم وڵاتەی چارەسەری بۆ نەخۆشی ئیفلیجی منداڵان دانا ئێستا کاربکات بۆ چارەسەرکردنی نەخۆشی شێرپەنجە و شەکرە. ئنتەرنێتیش بگاتە هەموو شوێنێک و کاربکرێت بۆ دانانی خێراترین تۆڕی ئنتەرنێت. هەروەها گوتی مانگی ڕابردوو ئەمەریکا پرۆژەیەکی دەستپێکردووە بۆ ڕەوانەکردنی پیاوێک بۆ سەر هەسارەی بارام (مەریخ).
سیاسەتی دەرەوە
سەبارەت بە سیاسەتی دەرەوە، سەرۆکی ئەمەریکا گوتی ئەمشەو و بۆ یەکەم جار لە پاش 11 ی سێپتەمبەرەوە ئەرکی شەڕمان لە ئەفغانستان بە کۆتایی هات. ئاماژەی بۆ ئەوە کرد کە 6 ساڵ لەمەوبەر نزیکەی 180هەزار سەربازی ئەمەریکایی لە عێراق و ئەفغانستان خزمەتیان دەکرد، بەڵام ئەمڕۆ کەمتر لە 15هەزار سەربازی ئەمەریکایی لەوێ هەن.
هەروەها گوتی ئەو وەکو فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکان ئەرکی سەر شانێتی بەرگری لە ئەمەریکا بکات. گوتی لێرەدا پرسیارەکە ئەوە نییە ئایا ئەمەریکا ڕابەرایەتیی جیهان دەکات یان نا، بەڵکو ئەوەیە چۆن ڕابەرایەتی دەکات. ڕەخنەی لە بڕیارەکانی ڕابردوو وڵاتەکە گرت و گوتی جاران یەکەم کاردانەوەمان ناردنی هێزی لەشکری بووە و ستراتیژییەتێکی فراوانترمان پشتگوێ خستبوو. گوتی ئەو پێی وایە کاری ژیرانە ئەوەیە دیپلۆماسییەتی بەهێز لە پاڵ کاری لەشکری بگیرێتە بەر.
پاشان گوتی ئەمەریکا لە پاڵ هەموو ئەو خەڵکە لە جیهاندا دەوەستێت کە بوونە ئامانجی تێرۆرزم، هەر لە خوێندنگەکانی پاکستانەوە هەتا جادەکانی پاریس. گوتیشی بەردەوام دەبن لە ڕاوەدونانی تێرۆرستان و هەڵوەشاندنەوەی تۆڕەکانیان و هەروەها لەناوبردنی ئەو تێرۆرستانەی هەڕەشە و مەترسین بۆ سەر ئەمەریکا و هاوپەیمانانی.
گوتیشی هاوکات لە ماوەی 13 ساڵی ڕابردوو چەند وانەیەک فێربووین کە زۆر لەسەرمان کەوتن. گوتی لە بری ئەوەی هێزی ئەمەریکایی بە دۆڵەکانی ئەفغانستاندا بێت و بڕوات چوین مەشق و ڕاهێنانمان بە ئاسایشەکانیان کرد کە ئێستا ڕۆڵی سەرەکی بۆ پاراستنی ئاسایشی وڵاتەکەیان دەبینن و هەروەها ڕێزمان لە قوربانییەکانمان گرت لە ڕێگەی پشتگیریکردن لە یەکەم گواستنەوەی دیموکراتییانە لە ئەفغانستاندا. پاشان لە بری ناردنی هێزی لەشکری بۆ دەرەوە هەستاین بە یارمەتیدانی وڵاتان هەر لە باشوری ئاسیاوە هەتا باکوری ئەفریکا بۆ نەهێشتنی شوێنی پارێزراو بۆ تێرۆریستان.
پاشان گوتی ئەمەریکا لە عێراق و سوریا پشڕەوی داعشی ڕاگرت. جەختی لەوە کرد لە بری ئەوەی بۆ شەڕێکی دیکەی زەمینی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ڕابکێشرێن، ئەوەتا ئەمەریکا ڕێبەرایەتی هاوپەیمانێتییەکی فراوان دەکات کە وڵاتانی عەرەبیشی تێدایە بۆ لاوازکردن و پاشان لەناوبردنی ئەم گروپە تێرۆرستییە. گوتیشی هەروەها پشتیوانی لە ئۆپۆزسیۆنی میانڕەو لە سوریا دەکەن کە دەتوانێت یارمەتیمان بدات لەم ئەرکەدا.
ئاماژهیشی دا، لە هەموو شوێنێک لە جیهاندا یارمەتی دەدەن بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی بیروباوەڕی توندڕەوی. ئاماژەی بۆ ئەوە کرد ئەم کارە کاتی دەوێت، بەڵام لە کۆتاییدا هەر سەرکەوتوو دەبین.
سەرۆک ئۆباما دهیشڵێ، بۆ ئەوەی بۆ جیهانی نیشان بدەین کە ئێمە لەم ئەرکە یەکگرتوو و یەکدەنگین ئەمشەو داوا لە کۆنگرێس دەکەم بڕیارێک پەسەند بکەن کە ڕێگە بە بەکارهێنانی هێز لە دژی داعش بدات.




