230 کەس لە دیالە کوشتوبڕ کراون

دیاله -KDP.info- ئەندامێکی ئەنجومەنی پارێزگای دیالە ئاشکرای کرد، دۆخی ئەمنی پارێزگای دیالە خراپە وخەڵک ترسی ھەیە و ناوێرن لە ماڵ بێنە دەر، ئاخر هەر لە پێرێوە چەند تەقینەوەیەک کراوە و، ٧٣ کەس كوژراون و، نزیکەی ١٦٠ کەسیش بریندار بوونە.
ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای دیالە (ئەمەل عیمران) بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "دۆخی ئەمنی دیالە و دەوروبەری زۆر خراپە؛ بە تایبەت دوای تەقینەوەکانی شارەبان؛ ئاخر لەو تەقینەوانەدا نزیکەی ٧٠ کەس شەھید بوونە و، ١٥٠یش بریندار بوونە؛ تاوەکو ئەمڕۆ ھاتوچۆ قەدەغە بوو."
(ئەمەل عیمران) گوتیشی، تەنھا لە ماوەی ئەم دوو رۆژە لە شارەبان ھەشت مزگەوت تەقێندراونەتەوە و لێکۆڵینەوە لەو کارە بەردەوامە، بەڵام تاوەکو ئێستا بکەرانی ئاشکرا نەبوونە.
(عیمران) ڕوونیشی کردەوە، ھەر دوێنێ لە پارێزگای دیالە لە گەڕەکی جەدیدە تەقینەوەیەک کرا و، سێ کەس شەھید بوون و، حەوتی دیکەش بریندار بوونە، کە یەکێکیان بەڕێوەبەری ھەواڵگریی دیالە بە ناوی عەمید قاسمە بریندارە و برینەکەشی سەختە."
ڕایشیگەیاند: "دۆخەکە زۆر خراپە و ھاووڵاتیان ناوێرن لە ماڵ بێنە دەرەوە و، ترسیان لێ نیشتووە و دڵەڕاوکێیانە؛ بۆیە ئێمەش کۆبوونەوەیەکی بەپەلەمان کرد و داوامان لە دەزگا ئەمنییەکان کرد، جوان چاویان بکەنەوە، بۆ ئەوەی دۆخەکە ئاسایی بێتەوە."
بڵند ئیبراھیم




