"دهبێ لە چوارچێوەی پڕۆژەیەکی نیشتمانیدا ناوماڵی خۆمان ڕێک بخەینەوە"

ههولێر-KDP.info- سکرتێری حزبی زەحمەتکێشانی کوردستان، ڕایگەیاند، هەلومەرجێکی گونجاو و دەرفەتێکی زۆر باش بۆ گەلی کورد هاتووەتە پێشەوە، ناوماڵی خۆمان لە چوارچێوەی پڕۆژەیەکی نیشتمانیدا ڕێک بخەینەوە، بۆیە ئێمە دیالۆکگ بۆ چارەی کێشە سیاسییەکانی نێوان خۆمان بە خاڵێکی سەرەکی دەزانین، لەوە زیاتر بەدیلی دیکەمان نییە.
(بەڵێن عەبدوڵا) سکرتێری حزبی زەحمەتکێشانی کوردستان بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی گوت: "ئێمە وەک حزبی زەحمەتکێشان دەمێکە ڕای خۆمان لەسەر ئەو ڕەوشەی ئێستای ناوچەکە دەربڕیوە، هەڵومەرجێکی گونجاو و دەرفەتێکی زۆر باش بۆ گەلی کورد هاتووەتە پێشەوە، بۆیە تەئکیدمان لەوە کردووەتەوە کە نابێت ئێمە ئەو دەرفەتە لە دەست بدەین، نێوماڵی خۆمان لە چوارچێوەی پڕۆژەیەکی نیشتمانیدا ڕێک بخەینەوە کە هەم بتوانین ئەو دەرفەتە بقۆزینەوە، هەم مەترسییەکانیش لەسەر خۆمان دوور بخەینەوە، بۆیە ئێمە دیالۆگ بۆ چارەی کێشە سیاسییەکانی ناو خۆمان بە خاڵێکی سەرەکی دەزانین، لەوە زیاتر بەدیلی دیکەمان نییە، تاکە ڕێگا ئەوەیە بە گفتوگۆ و دیالۆگ کێشە ناوخۆییەکان چارە بکەین، بۆ ئەوەی پڕۆژە نیشتمانییەکەی خۆمان ئامادە بکەین بۆ ڕیفراندۆم کە خەڵکی کوردستان لەسەر چارەنووسی خۆی دوا بڕیاری خۆی بدا."
سەبارەت بەو هەنگاوەی پارتی دیموکراتی کوردستان کە بڕیاری داوە بە کراوەیی لەگەڵ هەموو لایەنێکدا کۆ ببێتەوە، سکرتێری حزبی زەحمەتکێشانی کوردستان، ڕایگەیاند، ئێمە هەر هەنگاوێک بۆ گفتوگۆ و چارەسەری کێشەکان بێ بە دیالۆگ و تێگەیشتن، پشتی دەگرین.
ڕابین شێروانی




