٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

هەناردەکردنی گازی سرووشتی، باری هەرێمی کوردستان ڕاست دەکاتەوە

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر-KDP.info-  حكوومەتی هەرێمی كوردستان بەنیازە، ئەمساڵ دەست بە جێبەجێكردنی پڕۆژەی هەناردەكردنی گازی سرووشتی بكات، راوێژكارێكی وەزارەتی سامانە سرووشتییەكانیش دەڵێت، ناردنی گازی سرووشتی بۆ دەرەوە، قەیرانی دارایی لە كوردستان كەم دەكاتەوە.

پڕۆژەكە،‌ دروستكردنی بۆریی گازی سرووشتییە و لە نێوان دوو كۆمپانیای گەورەی توركیا و كوردستان بە هاوبەشی دروست دەكرێت كە لە سەرەتای یاخود ناوەڕاستی مانگی ٢ـدا دەست پێدەكات و، لە كۆتایی ساڵدا گازی سرووشتی ڕەوانەی توركیا و ئەورووپا دەكرێت.

ئەو پڕۆژەیە، ساڵانە ٢٠ ملیار دۆلار سەرمایە بۆ هەرێمی كوردستان زیاد دەكات، لە كاتێكدا هەرێمی كوردستان جگە لە یەدەگێكی زۆری نەوت كە نزیكەی 160 ملیار بەرمیل نەوتی خاوە، بەپێی داتا بڵاوكراوەكانی وەزارەتی سامانە سرووشتییەكان بڕی 200 تریلیۆن پێ سێجا (5 تریلیۆن و 700 ملیار مەتر سێجا) یەدەگی گازی سرووشتیی هەیە، ئەمەیش 3%ـی تێكڕای یەدەگی گازی جیهانە كە رۆڵێكی گرینگ بە پێگەی كوردستان دەدات لە بازاڕەكانی گازی سرووشتیدا.

لەو بارەیەوە (عەلی بەلۆ) راوێژكاری وەزارەتی سامانە سرووشتییەكانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە ئەنجوومەنی وەزیران، بە ماڵپەری فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند: "نرخی نەوت زۆر دابەزیوە، ئەوەیش بۆ كوردستان مەترسیدارە، چونكە زۆربەی داهاتی لەسەر نەوتە، بۆیە بۆ جێگربوونەوەی نەوت دەبێ بایەخ بە گازی سرووشتی بدرێت".
گوتیشی: " ناردنی گازی سرووشتی بۆ توركیا، بە چەند قۆناغێك دەبێت، یەكەم دەبێ ژێرخانی ئابووری بەرز ببێتەوە و دواتر كار بكرێت بۆ فراوانكردنی پڕۆژەكە و پاشان پەلەی تێدا نەكرێت، چونكە ساڵێك كاتی دەوێت".

(بەلۆ) دەشڵێت: "ئەم پڕۆژەیە ئامانجدارە، بە تایبەتی بۆ كەمكردنەوەی قەیرانی دارایی لە كوردستان، چونكە ناكرێت ئێمە تەنیا بیر لە داهاتی فرۆشتنی نەوت بكەینەوە، بەڵكو دەبێت سەرچاوەی دیكە و تازە پەیدا بكەین بە تایبەتی گازی سرووشتی".

ئەوەیشی خستە روو: "ئەم پرۆژەیە تا كۆتایی ساڵی ٢٠١٧ بە تەواوەتی دەچێتە قۆناغی جێبەجێكردنەوە، بەڵام وەك سەرەتا لە ماوەیەكی نزیكدا دەست دەكرێت بە كاركردن تێیدا كە پێشبینی دەكرێت بۆ چەند ساڵی دابێ، ببێتە جێگرەوەی گازی سرووشتیی ڕووسیا لە ئەورووپا".

هاوكات (بەختیار سەعدی) شارەزا لە بواری ئابووری، بە ماڵپەری فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی گوت: "هەرێمی كوردستان ٤٣ ملیار مەتری سێجار گازی سرووشتیی یەدەگەی هەیە، ئەم گازەیش ئەگەر بە شێوەیەكی زانستی كاری لەسەر بكرێت و دەربهێنرێت، ئەوا دەتوانێت شانبەشانی نەوت، ئابووریی كوردستان بەهێز بكات، بۆیە ئەگەر ئەو پڕۆژەیە لە ماوەیەكی كەمدا دەستبەكار بێت، هەرێمی كوردستان دەتوانێت جێگای خۆی لە بازاڕەكانی جیهاندا بكاتەوە".

گوتیشی: "هەرێمی كوردستان بەو رێككەوتنە ٥٠ ساڵییەی لەگەڵ توركیا كردوویەتی، دەتوانێت پەرەی پێ بدات و لەو چوارچێوەیەدا جگە لە بابەتی نەوت، گازیش بخاتە چوارچێوەی رێككەوتن و پلانەكەوە، چونكە بازاڕی ئەورووپا پێویستی بە گازی سرووشتی دەبێت و، هەرێمی كوردستانیش دوای توركمانستان و ئازەربانجان، بە پلەی سێییەم دێت لەوەی لە پاشەڕۆژێكی نزیكدا ببێتەوە جێگرەوەی پێداویستیی گازی لە ناوچەكە".

ئاماژەیشی دا: "باشووری كوردستان دەتوانێت رۆژانە 15 ملیار مەتر سێجا گاز هەناردەی توركیا بكات، بەڵام ئەمە وەك سەرەتا لە ساڵانی داهاتوودا ئەگەر پەرە بەو پڕۆژەیە بدرێت، دەتوانێت رێژەكە بۆ 24 ملیار مەتر سێجا بەرهەمی هەبێت، كە دەتوانێت  پێداویستییەكانی 50 ساڵی توركیا دابین بكات".

پێشتریش (ئاشتی هەورامی) وەزیری سامانە سرووشتییەكان، لە كاتی بەشداریكردنی لە كۆنگرەی ئەتڵەنتیك بۆ وزە كە لە ئیستانبووڵ بەڕێوە چوو، گوتی: "بۆ 9 مانگ دەڕوات ئێمە پەرەمان بە گازی سرووشتی داوە، ئەو گازە بە مەبەستی پێداویستیی ناوخۆیی بەكار دەهێنین، هەروەها هەناردەی دەرەوەیشی دەكەین، لە بەرنامەماندایە تاوەكو 2019، هەرێمی كوردستان 20 ملیار مەتر سێجا گازی سرووشتی هەناردە بكات".

كارزان سەباح
 

هەواڵی پەیوەندیدار