سنوورێك بۆ حەشدی شەعبی دانەنرێت، لە داعش مەترسیدارتر دەبن

هەولێر-KDP.info- گوتەبێژی بزووتنەوەی ئیسلامیی كوردستان دەڵێت، سەركردەكانی حەشدی شەعبی بوونەتە مەترسی بۆ سەر عێراق و ئەگەر سنوورێكیان بۆ دیاری نەكرێت، دەسەڵاتەكانیان هەڵدەكشێت بۆ ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی كوردستان.
(د. عەبدوڵا وەرتی)، بە ماڵپەری فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند: "بڵاوبوونەوەی چەند گرتەیەكی ڤیدیۆیی حەشدی شەعبی كە تێیدا خەڵكی سڤیل و منداڵ دەكوژن، بووەتە جێگای مەترسی بۆ هەموو لایەنەكانی عێراق، بە تایبەتی بۆ لایە شیعەكانیش، چونكە راستە ڕۆڵیان هەبووە لە ڕووبەڕووبوونەوەی داعش، بەڵام دوور نییە ئەو حەشدە نەبێتە گرفت كە دواجار بەقەد داعش مەترسی بۆ سەر عێراق و هەرێمی كوردستان هەبێت، چونكە بوونی هەر هێزێك لە دەرەوەی یاسا و دەستوور، توندوتیژی لە كۆمەڵگادا زیاد دەكات".
گوتیشی: "ماوەیەكە سەركردەكانی حەشدی شەعبی دەستیان كردووە بە هەڕەشە و گوشارهێنان بۆ ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی كوردستان، بۆیە ئەگەر سنوورێكیان بۆ دیاری نەكرێت، دوورنییە ئەو كارەساتەی بەسەر كورددا هات بە هۆی داعشەوە، دووبارە نەبێتەوە، بە تایبەتی هەڕەشەكانی حەشدی شەعبی لە دووزخورماتوو و هەندێك لە ناوچەكانی كەركووك و خانەقین".
(وەرتی) ئەوەیشی خستە روو: "مەترسیی حەشدی شەعبی لەوەدایە، نازانرێت لە كام لایەنەوە فەرمان وەردەگرن، واتە حەشدیش لەناو خۆیاندا بوونەتە چەند بەشێكەوە و هەر گرووپ و بەشێكیان سەر بە كەسایەتییەكی ئایینین، بۆیە دەبێت ئەم حەشدە رێك بخرێتەوە، بەپێچەوانەوە گەورەترین مەترسین لەسەر عێراق و كوردستانیش".
كارزان سەباح




