ئیمێنكی: گۆڕانكاری لە سەرۆكایەتیی پەرلەماندا، یەكێكە لە چارەسەرییەكان.. چاوەڕوانی لایەنەكانین

هەولێر-KDP.info- گوتەبێژی پارتی دیموكراتی كوردستان ڕایگەیاند، پەیامەكەی (سەرۆك بارزانی) كە بە بۆنەی سەری ساڵی نوێ ڕایگەیاندبوو، دەرفەتێكە تا لایەنە سیاسییەكان بێنە پێشەوە و بایەخی زیاتر بە گفتوگۆ بدەن، هەروەها پڕۆژەیشیان بۆ چارەكردنی گرفتەكان و كۆنتڕۆڵكردنی ئەو بارۆدۆخە سیاسییە هەبێ.
(جەعفەر ئیبراهیم) وتەبێژی پارتی دیموكراتی كوردستان، سەبارەت بە پرۆژەكەی یەكێتی نیشتیمانی كە بڕیار وایە لەگەڵ لایەنە سیاسیەكان گفتۆگۆی لەسەر بكەن بۆ چارەسەركردنی كێشە سیاسیەكان گوتی: پڕۆژەكەی یەكێتیم نەبینیوە، بەڵام ئاگاداری ئەوەین كە یەكێتی پەرۆشی ئەوەیە هەوڵ بدەن بۆ ئەوەی كێشەكان چارە بكات و پڕۆژەكەیشیان دەتوانێ چارەسەری كێشەكان بكات، ئێمەیش وەك پارتی دەرگامان كراوەیە و هیچ گفتۆگۆیەك ڕەت ناكەینەوە و پێمان باشە ئەو كێشانە چارە بكەین و بارودۆخەكە ئاسایی ببێتەوە، تا وەك حكوومەت و پەرلەمانیش ڕووبەڕووی قەیرانی دارایی ببینەوە".
گوتەبێژی پارتی دیموكراتی كوردستان گوتیشی: "گۆڕانكاری لە سەرۆكایەتیی پەرلەماندا، یەكێكە لە چارەسەرییەكان و، چاوەڕوانی ئەوەین لایەنەكان بێنە پێشەوە و هەموومان بەیەكەوە ئەو بەرپرسیارەتییە هەڵگرین و كۆبونەوە لە پێناو كۆبونەوەدا نەبێ، بەڵكو ئەو كێشەیە چارە بكەین".
ڕوونیشی كردەوە كە، پەیامەكەی (سەرۆك بارزانی) كە بە بۆنەی سەری ساڵی نوێ ڕایگەیاندبوو، دەرفەتێكە تا لایەنە سیاسییەكان بێنە پێشەوە و بایەخی زیاتر بە گفتوگۆ بدەن، هەروەها پڕۆژەیشیان بۆ چارەكردنی گرفتەكان و كۆنتڕۆڵكردنی ئەو بارۆدۆخە سیاسییە هەبێ.
كوردستان تیڤی




