لە جەزیرە 30 ئۆتۆمۆبێلی بارهەڵگر سووتان

باكووری كوردستان-KDP.info- لە ئەنجامی شەڕی نێوان پەكەكە و دەوڵەتی توركیادا، چەند تۆپێك و رۆكێتێك كەوتنە ناو گەراجێكی ئۆتۆمۆبێلی بارهەڵگرانەوە لە جەزیرە و، بەو هۆیەیشەوە هەموو ئۆتۆمۆبێلە بارهەڵگرەكان سووتان و، سوتانەكەیش بە شێوەیەكە كە ناتوانرێت جارێكی دیكە بە كار بهێنرێنەوە.
لە رۆژی 14ـی مانگی رابردووەوە، یاسای قەدەغەكردنی هاتوچۆ لە جەزیرە ڕاگەیەنراوە، بۆیە بازرگانی لەو شارۆچكەیە راوەستاوە و، بە هیچ شێوەیەك بازرگانان ناتوانن كار بكەن، هەروەها هەموو ئۆتۆمۆبێلە بارهەڵگرەكانیش لە پاركێكدا كۆ كراونەتەوە و، بە هیچ شێوەیەك ناتوانن كار بكەن.
ئەمڕۆیش چەند گولـلەتۆپێك و چەند رۆكێتێك كەوتنە ناو ئەو پاركەی ئۆتۆمۆبێلە بارهەڵگرەكانی تێدایە، بۆیە هەموو ئۆتۆمۆبێلەكان سووتان و زیانێكی یەكجار زۆر بە خاوەنەكانیان كەوت.
بە گوێرەی زانیارییەكان، ماوەی چەند رۆژێك دەبێت پەكەكە و دەوڵەتی توركیا شەڕیان بردووەتە نزیك ئەو پاركە و، چەندین جار تۆپ بەر ئەو پاركە كەوتووە، بەڵام ئەمجارەیان بووەتە هۆكاری ئەوەی هەموو ئۆتۆمۆبێلە بارهەڵگرەكان بسووتێن.
كارزان گلی




