ئیتالیا تیمێكی مەشق و ڕاهێنانی تایبەت، ڕەوانەی هەرێمی كوردستان دەكات

ههولێر-KDP.info- له كۆبوونهوهیدا لهگهڵ (نێچیرڤان بارزانی)، باڵیۆزی ئیتالیا له عێراق دووپاتى كردەوە، وڵاتهكهی لە هاوكارییە سەربازی و مرۆییەكانی بۆ هەرێمی كوردستان بەردەوام دەبێت و، بڕیاریشیان داوە لە ماوەی داهاتوودا تیمێكی دیكەی مەشق و ڕاهێنانی تایبەت بۆ مەشقپێكردنى پێشمەرگە و پۆلس و زێرەڤانی ڕەوانەی هەرێم بكەن.
ئێوارەی ئەمڕۆ دووشەممە (نێچیرڤان بارزانی) سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستان، پێشوازی لە (ماركۆ كارنیلۆس) باڵیۆزی ئیتالیا لە عێراق و شاندێكی دیپلۆماسی و سەربازیی یاوەری كرد.
لە دیدارێكدا (كارنیلۆس) خۆشحاڵیی خۆی بە سەردانی هەرێمی كوردستان دەربڕی و، سەرسامیی وڵاتەكەیشی بۆ قارەمانیهتی و نەبەردیی پێشمەرگەی كوردستان لە بەرانبەر تیرۆرستان و، پێشوازیكردنی خەڵك و حكوومەتی هەرێمی كوردستان لەو ژمارە زۆرەی ئاوارە و پەنابەرانی دەستی تیرۆر و دابینكردنی خزمەتگوزاری بۆیان سەرباری قەیرانی دارایی، پیشان دا. هەروەها دووپاتى كردەوە كە ئیتاڵیا لە هاوكارییە سەربازی و مرۆییەكانی بۆ هەرێمی كوردستان بەردەوام دەبێت و، بڕیاریشیان داوە لە ماوەی داهاتوودا تیمێكی دیكەی مەشق و ڕاهێنانی تایبەت بۆ مەشقپێكردنى پێشمەرگە و پۆلس و زێرەڤانی ڕەوانەی هەرێم بكەن.
لای خۆیەوە سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستان سوپاسی ئەو سەردانە و هاوكارییە سەربازی و مرۆییەكانی ئیتالیای كرد و، هیوای خواست هاوكارییە مرۆییەكان بۆ ئاواره و پەنابەران زیاتر بكرێن و، كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی هاوكاریی زیاتر بنێرێت، هەروەك بڕیاری ناردنی تیمی مەشق و ڕاهێنانی تایبەتی ئیتالیایی بۆ ڕاهێنانی پێشمەرگە و پۆلیس و زێرەڤانی بەرز نرخاند و، ئامادەییی هەر هاوكاریەكی بۆ ئەو تیمە مەشقكارە تایبەتە پیشان دا. لە بەشێكی دیكەی قسەكانیدا (نێچیرڤان بارزانی) ئاماژەی بە پەیوەندییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و ئیتالیا كرد و، ئامادەییی حكوومەتی هەرێمی كوردستانی بۆ پتەوتركردنی پەیوەندییە دووقۆڵییەكان لە هەموو بوارەكاندا پیشان دا.
تاوتووكردنی بارودۆخی ناوچەكە و پەیوەندییەكانی نێوان هەولێر و بەغدا و وڵاتانی دەوروبەر و چەند بابەتێكی دیكەی پەیوەندیدار، لایەنێكی دیكەی دیدارەكە بوو.




