٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

"حكوومەت سەدا ٨٠ـی پارەی كارەبا دەدات، کەچی هاووڵاتیان لە كاتی خۆیدا پارە نادەن"

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر-KDP.info-  حكوومەتی هەرێم پاڵپشتێكی زۆر لە نرخی كارەبا دەكات و سەدا ٨٠ـی پارەی كارەبای هاووڵاتیان دابین دەكات. سەرباری ئەوەیش، هیچ مانگێك هەموو هاووڵاتیان پارەی كارەبا بە وەزارەت نادەن و، هەندێك وەكو قەرز دەمێنێتەوە.

خواستی وزەی كارەبا زیادی كردووە، چونكە لە وەرزی زستانداین، رۆژانە هەرێمی كوردستان پێویستی بە پێنچهەزار و سەد مێگاوات كارەبا هەیە، پێشبینییش دەكرێت لە مانگی یەك و دووی ئەمساڵدا، بە هۆی ساردیی كەشوهەواوە، ئەم خواستە زیاتر بێت و بگاتە (٥٥٠٠) مێگاوات.

ئەم قسانەی سەرەوە هی ئەندازیار (یاسین حەسەن)، گوتەبێژ و بەرێوەبەری پلان و لێكۆڵینەوە لە وەزارەتی كارەبایە، کە بۆ ماڵپەڕی فەرمیی حکوومەت کردوونەی و دەشڵێت: "ئێستا لە سەرانسەری هەرێمی كوردستاندا وەزارەتی كارەبا ٣٧٠٠ تا ٣٨٠٠ مێگاوات كارەبا بەرهەم دەهێنێت، بەڵام ئەم رێژەیە هەندێك جار كەم دەبێتەوە بە هۆی لەكاركەوتنی وێستگەیەك یان هەر هۆكارێكی دیكەی تەكنیكی".

سەبارەت بە هۆیەكانی كەمیی ئاستی بەرهەمهێنانی وزەی كارەبا، گوتەبێژی وەزارەتی كارەبا رایگەیاند: "یەكەم هۆ ئەوەیە كە لە یەك كاتدا هەموو وێستگەكان پێكەوە كار ناكەن، بۆ نموونە لە وێستگەی غازی دهۆك لە كۆی (٨)یەكە، (٤) تا (٥) یەكە كار دەكەن، ئەویش لەبەر ئەوەیە هەموویان بە ماددەی گازوئۆت كار دەكەن و نرخەكەیشی گرانە. لە هەردوو پارێزگای هەولێر و سلێمانییش، هەر بە هەمان هۆوەیە كە هەندێك یەكە وەستاون. بە تێكڕای گشتی، تا ئێستا شەش تا حەوت یەكەی بەرهەمهێنەری وزە لە هەرێم وەستاون، سەرەڕای وێستگەی خۆرماڵە كە ئەویش چوار یەكەیە و هەندێك جار تەنیا یەك یەكە كار دەكات."
(حەسەن) گوتیشی:"هۆی دووەمیش دەگەڕێتەوە بۆ تۆڕەكانی گواستنەوەی وزەی كارەبا لە هەرێم. بۆ نموونە لە پارێزگای دهۆك ناتوانرێت كار بە هەر (٨) یەكەكان لە یەك كاتدا بكرێت، چونكە تۆڕەكان توانای گواستنەوەی بەرهەمی هەموو یەكەكانیان نییە، ئەویش لەبەر ئەوەیە كە بۆ ماوەی دوو ساڵە هیچ كارێكی چاككردنەوە و باشتركردنی تۆڕەكان ئەنجام نەدراوە".
سەبارەت بە خواستی وزەی كارەبا لە هەرێمی كوردستانیش، ئاماژەی دا: "خواستی وزە بەپێی گۆڕانكاری لە كەشوهەواوە، گۆڕانكاری بەسەردا دێت. ئێستا لە وەرزی زستانداین و خواستی وزەی كارەبا زیاتر بووە و رۆژانە هەرێمی كوردستان پێویستی بە (٥١٠٠) مێگاوات هەیە و، ئێمە پێشبینی دەكەین كە لە مانگی یەك و دووی ئەمساڵدا، بەهۆی ساردیی كەشوهەواوە، ئەم خواستە زیاتر بێت و بگاتە (٥٥٠٠) مێگاوات."
لەبارەی چونیەتیی دابینكردنی گازوایل بۆ وێستگەكان، گوتەبێژی وەزارەتی كارەبا دەڵێت، حكوومەتی هەرێمی كوردستان بە رێگای چەند كۆمپانیایەكەوە گاز بۆ وێستگەكان لە دەرەوەی وڵاتەوە دابین دەكات، چونكە ئەو بەرهەمە گازوایلەی وەزارەتی سامانە سرووشتییەكان تەنیا بەشی پێداویستییەكانی دیكەی ناوخۆ دەكات، وەك موەلیدەكان."

هەروەها سەبارەت بە بەرهەمی هەموو وێستگەكانی كارەبا لە هەرێمی كوردستان گوتی، ئەگەر هەموو وێسگەكان كار بكەن، تەنیا دەتوانن (٤١٠٠) مێگاوات بەرهەرم بێنن و ناگاتە ئاستی خواستی كارەبا كە لە (٥٠٠٠) مێگاوات زیاترە.

گوتەبێژی وەزارەت راشیگەیاند كە، لە ساڵی ٢٠٠٩ تاكو ئێستا نرخی كارەبا نەگۆڕاوە و بەپێی ئەو سیستەمەی كە لە هەرێمی كوردستاندا پێڕۆ دەكرێت، نرخی كیلۆواتەكان بە شێوەی هەڵشكان حیساب دەكریت، واتە چەند كارەبا زیاتر بەكار بهێنرێت، نرخەكەی گرانتر دەبێت.

دەربارەی داهاتی وەزارەتی كارەبایش لە ساڵێكدا، ڕوونی كردەوە: "یەكێك لە كێشەكانی داهاتی وەزارەت مەسەلەی قەرزە، كە هەمیشە پارەیەك وەكو قەرز لەلایەن هاووڵاتیانەوە دەمێنێتەوە، چونكە هیچ مانگێك هەموو هاووڵاتیان پارەی كارەبا بە وەزارەت نادەن و هەندێك وەكو قەرز دەمێنێتەوە. بەڵام بە شێوەیەكی گشتی لە ساڵی ٢٠١٤ داهاتی وەزارەتی كارەبا، 295 ملیار و 331 ملیۆن دینار بووە. ئەم بڕەپارەیە بەرانبەر بە خەرجییەكانی وەزارەت زۆر كەمە. دوای ئەوەی كە پەرلەمانی كوردستان لە ساڵی ٢٠١١ بڕیاری دا داهاتی وەزارەتی كارەبا بۆ وەزارەت بێت، وەزارەتیش بە باشی زانی ئەم داهاتە بۆ بواری دابەشكردن خەرج بكات و تا ئێستایش بەشی ئەم بوارە دەكات و وەزارەت بڕیاری داوە پرۆژەی پێوەری زیرەكیش هەر بەم داهاتە جێبەجێ بكات."
گوتەبێژی وەزارەتی كارەبا گوتیشی: "ساڵانە حكوومەتی هەرێمی كوردستان بڕەپارەیەكی زۆر بۆ وەزارەتی كارەبا تەرخان دەكات چ وەكو بوودجە یانیش وەكو خەرجی، بۆ نموونە لە ساڵی ٢٠١٤ حكوومەتی هەرێم بڕی سێ ملیار و 416 ملیۆن و 141 هەزار و 906 دۆلاری بۆ بواری كارەبا خەرج كردووە. لەم گوژمەیە زیاتر لە دوو ملیار و 480 ملیۆن بۆ دابینكردنی سووتەمەنی بووە. كڕینی یەكە لە كۆمپانیا ئەهلییەكان لە ماوەی ساڵێكدا بە بڕی 735 ملیۆن و 656 هەزار دۆلار بووە، كۆی گشتیی خەرجییەكانی وەزارەتی كارەبا بۆ مووچە و سیانە و چەند بوارێكی تر، 200 ملیون دۆلار بووە. بەڵام ئەم بڕەپارەیە بۆ هیچ پرۆژەیەكی بواری كارەبا نەبووە، تەنیا بۆ خەرجییەكانی بواری كارەبا بووە لە هەرێمی كوردستاندا".
ئەوەیشی خستە ڕوو كە، حكوومەتی هەرێم پاڵپشتێكی زۆر لە نرخی كارەبا دەكات و لەسەدا ٨٠ـی پارەی كارەبای هاووڵاتیان دابین دەكات، بۆ نموونە ئەگەر هاووڵاتییەك لە مانگێكدا 20 هەزار دینار پارەی كارەبای بۆ بێتەوە و بیدات، ئەوا بڕەپارەكە لە بنەڕەتدا 100 هەزار دینارە، بەڵام حكوومەت 80 هەزار دیناری لەجیاتی دەدات."

 

هەواڵی پەیوەندیدار