پارتی بڕیاری دا، بارەگاکانی وەربگرێتەوە

سلێمانی-KDP.info- پارتی دیموکراتی کوردستان بڕیاری دا، لە سنووری سلێمانی بارەگاکانی خۆی لە ھێزە ئەمنییەکان وەردەگرێتەوە، بەڵام جارێ دەوامیان تێدا ناکات.
گوتەبێژی ئەنجوومەنی سەرکردایەتی پارتیی دیموکراتی کوردستان لەسلێمانی(فارس نەورۆڵی) بە ماڵپەری فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی راگەیاند "بڕیارە لەم حەفتەیەدا تا کۆتایی ئەم مانگە، پارتی دیموکراتی کوردستان بارەگاکانی خۆی لە حکوومەت و دەزگا ئەمنییەکان وەربگرێتەوە، بەڵام کاتی کردنەوەی بارەگاکان و دەوامکردن تێیدا دیار نییە."
گوتەبێژی ئەنجوومەنی سەرکردایەتیی پارتی لە سلێمانی گوتیشی، ئەو بارەگایانەی کە پێشتر بەکرێ گیرابوون، رادەستی خاوەنەکانیان دەکرێنەوە و ناکرێنەوە، کە ئەمە پیوەندی بە قەیرانی داراییەوە هەیە، چونکە نایانەوێت ھیچ بارەگایەکیان بەکرێ بێت.
(فارس نەورۆڵی) گوتیشی، جارێ دیار نییە کەی لەو بارەگایاندا کە وەریاندەگرنەوە، دەوام تێیاندا دەست پێدەکاتەوە و، دەڵێ، جارێ تەنیا بڕیاری وەرگرتنەوەیان دراوە.
لە دوای ھێرشکردنە سەر و سوتاندنی بارەگاکانی پارتی دیموکراتی کوردستان لە سنوری پارێزگای سلێمانی لە لایەن کۆمەڵێک گێرەشێوێن و بەردوەشێنەوە، کە ئەوکات زۆربەی بەرپرسانی پارتی بزووتنەوەی گۆڕانیان پێ تۆمەتبار دەکرد کە لە پشت ڕووداوەکانەوە بووە، پارتی دیموکراتی کوردستان بارەگاکانی خۆی رادەستی ھێز ئەمنییەکانی ناوچەکە کرد.
بڵند ئیبراھیم




