٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

عەلی حوسێن: "پارتی دەرگای گفتوگۆی دانەخستووە"

سەرچاوە: KDP.info
عەلی حوسێن، بەرپرسی لقی دووی پارتیی دیموكراتی كوردستان

هەولێر-KDP.info-  بەرپرسی لقی دووی پارتیی دیموكراتی كوردستان ڕایدەگەیێنێت، گرینگە سەرجەم حزبەكان پێكەوە كار بكەن و لەسەر مێزێكی گفتوگۆدا كۆ ببنەوە. دەشڵێت، لە هەمووی گرینگتر ئەوەیە حزبەكان بە دەم پەیامەكەی (سەرۆك بارزانی)ـیەوە بچن.

(عەلی حوسێن)، بۆ ماڵپەری فەرمیی پارتیی دیموكراتی كوردستان گوتی: "ئێمە وەك پارتی هیچ كات دەرگای گفتوگۆمان دانەخستووە، بەڵام گرینگە سەرجەم هێزەكانی كوردستان لە قۆناغی هەستیاری ئێستای كوردستان تێبگەن. ئێمە شەڕێكی گەورەمان بەرانبەر بە داعش هەیە و لە هەمان كاتیشدا قەیرانی دارایی هەیە، بۆیە دەبێت لایەنەكان لە هەندێكی داواكارییەكانی خۆیان نەرمی بنوێنن لە پێناوی دانوستان و گفتوگۆدا، ئێمەیش وەك پارتی ئەمەمان رەچاو كردووە لە زۆر بابەتدا كە مافی ئێمە بووە، پێداگیریمان نەكردووە و گوتوومانە كۆبوونەوە و لەیەكگەییشتن لە پۆست گرینگنترە، چونكە ئارامیی كوردستان بەرپرسیارەتیی هەموو لایەكمانە، بۆیە ئێستایش دەبێت لایەنەكان واز لە مەرج و مەرجكاری بهێنن و بگەڕێنەوە سەر مێزی گفتوگۆ".

(حوسێن) گوتیشی: "پەیامی (سەرۆك بارزانی) زۆر گرینگە بۆ هێوركردنەوەی دۆخی سیاسیی كوردستان و، ئێستا بژاردەكانی داوەتە دەست حزبەكان، بۆیە دەبێت سەرجەم حزبەكان بە دەم داواكارییەكەی (سەرۆك بارزانی)ـیەوە بێن و دەست بكەنەوە بە گفتوگۆ، كە پێیمان وایە وەك پارتی چەند جارێك ئەوەمان بە حزبەكان راگەیاندووە و، ئێمەیش ئامادەین بۆ دانیشتن و گفتوگۆ".

بەرپرسی لقی دووی دەشڵێت: "ئومێدیان هەیە بەوەی دووبارە كۆبوونەوەكان دەست پێ بكەنەوە و دووبارەوە حزبەكان رێك بكەونەوە لەسەر بنەمای هاوبەش و بەرژەوەندیی خەڵكی كوردستان".

كارزان سەباح
 

هەواڵی پەیوەندیدار