تاوەرى بابل و دەوڵەتى کوردى

د.چواس حسن
زۆربەى مێژوونووسە کۆنەکان، تەنانەت کتێبى پیرۆزى تەوارتیش لە سفرى تەکویندا، باس لە چیرۆکى تاوەرى (بورج-برج) بابل دەکەن. تاوەرێک لە سەر زەویى بابل، کە دەویسترا بگاتە ئاسمان، بگاتە کەشکەلانى فەلەک، ببێتە سومبڵى یەکبوون و بەهێزیى کۆمەڵگاى بابلیەکان. بەڵام بابلیەکان قەتاوقەت نەیانتوانى پلانەکەیان جێبەجێ بکەن، نەیانتوانى بەردەوام بن لەسەر کارکردن لە بونیادنانى ئەوەى کە لەسەرى ڕێککەوتبوون و نەخشەیان بۆ کێشا بوو، چونکە بەیانییەک کاتێک لە خەو هەڵسان و ویستیان بچنە سەرکار، سەیریان کرد کەس لە کەس تێناگات، ئەو شەوە هەموویان زمانیان لە یەکدى گۆڕابوو، هەریەک و بە زمانێک دەدوا کە ئەوەى تر لێى تێنەدەگەیشت و نەیدەزانى باسى چى دەکات و دەڵێ چى؟! بۆیە پەرش و بڵاو بوونەوە، وەک ئاردى ناو دڕکانیان لێ هات و نەیانتوانى جارێکى دیکە کۆ ببنەوە و تاوەرەکەیان تەواو بکەن، لەبەر هیچ نا، لەبەر ئەوەى ئیتر زمانى هاوبەش کە کۆى کردبوونەوە و پێى لەیەکترى تێدەگەیشتن نەما، ئیتر چۆن بتوانن لەگەڵ یەکتریدا کار بکەن؟ چۆن بتوانن پرۆژەیەکى مەزن و گەورەى وەک بونیادنانى تاوەرى مەزن جێبەجێ بکەن؟ چۆن بتوانن پلان و بەرنامەى بونیادنانى شکۆدارى گەورە بەیەکەوە ئەنجام بدەن؟
لێرەوە ئاشکرایە، ئەگەر زمان لەو باسەى سەرەوەدا ئاماژەیەک بێت بۆ ئەو ڕاستییەى کە مرۆڤەکان لە ڕێگەیەوە دەتوانن لە یەکترى تێبگەن و، لەوەشەوە بگەنە ئەوەى یەک بۆچوون و پلانیان هەبێت و هەربەیەکیشەوە جێبەجێى بکەن. لەهەمان کاتدا ئەم چیرۆکە ئاماژەیەکى پەنهانى هەیە بۆ ئەوەى کە کارى گەورە و مەزنى مرۆڤەکان، بونیادنانى شکۆدارى و سەرکەوتنە مەزنەکان، گەیشتن بە بەرزاییى ئاسمانەکان، بە تاکە کەس نایەتە دى و جێبەجێ ناکرێت، بەڵکو پێویستى بە کارى بەکۆمەڵ و یەکدەستیی کۆمەڵگا و لێکتێگەیشتنى گشتى و یەک ئامانجى و یەک پلانى هەیە. کارى گەورە بە کۆمەڵگاى تەبا و گەورە دەکرێت، کۆمەڵگایەک بتوانێت لە یەکترى تێ بگات و بەیەک زمان بدوێت و بیر بکاتەوە.
گەر بە مێژووى کوردیشدا بچینەوە، هەمیشە ئەو راستییە دەبینین، هەرکات و ساتێک کورد ویستبێتى تاوەرى دەوڵەتى کوردى دروست بکات و بیگەیەنێتە عەرشى مەزن، ئەو شکۆ مەزنەى کە سومبڵى یەکبوون و یەکئامانجى و یەکدەستى وەدەست بهێنێت، ئەوا هەر خۆى و لەناو خۆیاندا وەک بابلیەکان تووشى بەلبەلەیەکى زمان، تووشى بەلبەلەیکى لێک تێگەیشتن هاتوون، لە پڕێکەوە هەر یەکیان بە زمانێک دواوە و بیرى کردووەتەوە تا ئەوەى زەحمەت بووە کوردێکى تر لێى تێ بگات. لەوەشەوە بە ئاراستەى جیاجیادا ڕۆیشتوون و لەبرى ئەوەى تاوەرى دەوڵەتى کوردى دروست بکەن، بوونەتە ڕنجبەرى تاوەرى دەوڵەت و بەرژەوەندیى گەلانى دیکە. تاوەرانێک کە پتر ماڵى کوردیان وێران کردووە و لەسەر حیسابى کورد خۆى بووە.
ئێستا لە خۆرهەڵاتى ناوەڕاستدا، هەمووان (زلهێزە جیهانییەکان و ناوچەییەکان، شیعە، سوننە) خەریکى بونیادنانى تاوەرەکانى خۆیانن. هەموو ئەوانەى بە یەک زمانى بەرژەوەندى دەدوێن لە دەورى یەکترى کۆ بوونەتەوە، تاکە مەبەستیان گەیشتنە بەوەى کە تاوەرەکەى ئەوان بگات بەکەشکەلانى فەلەک و بەس. بەڵام ئەوەی جێى سەرنجە تەنها کوردەکانن و بەس، کە نەیانتوانیوە بە زمانێکى هاوبەش و هاوبەرژەوەندى بدوێن و لە دەورى یەکدى کۆ ببنەوە و بە جیددى لە بونیادنانى تاوەرى دەوڵەتى کوردى خۆیان ڕابچن.
تا نەتوانین بە یەک زمانى هاوبەشى بەرژەوەندیى کوردانە بدوێین، زەحمەتە لە یەکترى تێبگەین، لەوەشەوە زەحمەتە وەک یەک بیر بکەینەوە و یەک پلانمان هەبێت بۆ دواڕۆژى بەرژەوەندییەکانمان، لەوەشەوە زەحمەتە بتوانین تاوەرى دەوڵەتى خۆمان دروست بکەین.
بۆ ئەوەى تاوەرى دەوڵەتى کوردیمان نەبێتە خەیاڵێکى نێو کتێبە مێژوویى و ئایینییەکان، دەبێت ڕێگرى بکەین لەوەى تووشى بەلبەلەى زمانى هاوبەشى لێک تێگەیشتنمان ببین.




